زانکۆی پەیام نووری شاری مەریوان بە هاوکاریی ئەنجومەنی فەرهەنگی، ئەدەبیی مەریوان کۆڕی زانستیی مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس، نووسەر، لێکۆڵەر و زانای ناوداری کورد، لەو شارە دەستی پێ کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆڕی زانستیی مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس، نووسەر، لێکۆڵەر و زانای ناوداری کورد، لەو شارە دەستی پێکرد، ئامانج لەو کۆڕە زانستییە، ئاوردانەوە لە بەرهەمەکان و ڕێزگرتن لە پێگەی کەسایەتیی مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس کە لە بواری ئایین، عیرفان، ئەدەب و بەتایبەت لێکۆڵینەوە ئەدەبی کلاسیکی کوردی خزمەتێکی بەنرخی بە میللەتەکەی کردووە.
ئەو کۆڕە سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ لە هۆلێ مامۆستا قانع لە نێو زانکۆی پەیام نووری مەریوان دەستی پێکردووە و هەتا 5ی ئیوارە دەخایەنێ و بە دەیان کەسایەتیی ئایینی، ئەدیب و نووسەر و چالاکوانانی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێیدا بەشدارن و چەندین بابەت و لێکۆڵینەوە لەبارەی فکر و ئەندێشە و بەرهەمەکانی مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس پێشکەش دەکرێ.
ئەنجومەنی فەرهەنگی، ئەدەبیی مەریوان و ناوەندی فەرهەنگی هونەریی “ڤەژین”، و ڕێکخراو و ئەنجومەنە مەدەنی و فەرهەنگییەکانی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین کۆڕ، سمینار و کۆنگرەیان بۆ کەسایەتییە ئەدەبییەکانی کورد پێکهێناوە.
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس یەکێک لەو کەسایەتییە مەزن و بلیمەتانەی کوردە، کە نووسەر و زانایەکی گەورەی سەدەی بیستەمە و زیاتر لە ٦٠ کتێبی ئایینی و کۆمەڵایەتی بڵاو کردۆتەوە، کە ھەمووشیان دەچنە خانەی لێکۆڵینەوەی زانستی ھەمەلایەنەوە، کە بریتین لە: “تەفسیری قورئان” بە شێوەیەکی ئێجگار فراوان بە زمانی کوردی و عەرەبی، ھەروەھا ساخکردنەوە و شیکردنەوەی چەندین شاکاری شیعری مەزنی کلاسیکی کوردی، نموونەی مەولەوی، نالی، مەحوی، فەقێ قادری ھەمەوەندی و چەند شاعیرێکی دیکەش.
مەلا عەبدولکەریمی مودەریس ناسراو بە “نامی” لە بەھاری ساڵی ١٩٠١دا لە گوندی تەکیەی سەر بەشارۆچکەی خورماڵ ھاتووەتە دنیاوە.
مەلا عەبدولکەریمی مودەریس لە تەمەنی ١٠٤ ساڵیدا ولە ساڵی ٢٠٠٥ لە شاری بەغدا کۆچی داویی کرد.