نووسەر و مێژوونووسی ناوداری کورد کە بە یەکەم مامۆستای وانەی کوردی لە سەردەمی کۆماری کوردستان ناسراوە، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی کۆچیدوایی کرد.
مامۆستا کەریم زەند خەباتکار و قەڵەمبەدەستی دێرینی کورد دوای تەمەنێک خزمەتی فرەڕەهەند رۆژی سێشەممە ١٨ی ڕەزبەر لە شاری سلێمانی ماڵاوایی لە ژیان و کتێبخانەی کوردی کرد.
ئامینەزەند هاوسەری ئەو نووسەرە هەواڵی کۆچی دوایی مامۆستا کەریم زەندی پشتڕاست کردەوە.
کەریم زەند، مێژوونووس و لێکۆڵەری بەهرەمەندی کورد ، یەکەم مامۆستای سەردەمی کۆماری کوردستان بووە کە لە باشووری کوردستانەوە چووتە مەهاباد و لە خوێندنگەی گەلاوێژ وانەی کوردیی گوتووتەوە.
مامۆستا کەریم زەند کوڕی حەمەئاغا لە ساڵی ١٩٢٤ی زایینی لە سلێمانی لە دایک بووە و لە گەڕەکی مەڵکەندی شاری سلێمانی خوێندنی ئاینی و سەرەتایی و ناوەندی تەواو کردووە و پاشان بۆ درێژەدان بە خویندن چووتە بەغدا
ناوبراو لە ساڵی ١٩٤٠ەوە دەستی بەنووسین کردووە و بە گەڕیدەی هەر چوار پاچەکەی کوردستان گەڕاوە و زانیاری تەواوی لەسەر هەموو شوێنەکان و هۆز و تیرە و ڕەگەز و زمان و مێژووی کوردستانی گەورە تۆمار کردووە و زۆربەی گەشتەکانیشی بە پێ بووە.
کەریم زەند خاوەنی دەیان کتێب و بابەتی بەهێزە کە گرنگترینیان بریتییە لە کتێبی “تۆماری تەمەن” کە (٥) بەرگە و باس لە جوگرافیا و شێوەزاری بەشە جیاجیاکانی کوردستان دەکات، هەروەها یەکەم کەسە کە کتیبی ئینجیلی کردووتەوە کوردی.
مامۆستاکەریم زەند دوایی تەمەنێک خزمەت بە بواری مێژوو و وێژەی کوردیی لە تەمەنی ٩٣ ساڵەیدا لە شاری سلێمانی کۆچیدوایی کرد.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای رێزلێنان لە خزمەتەکانی مامۆستا کەریم زەند بە پێشکەش کردنی پرسەو سەرەخۆشی لە سەرجەم کەسوکاری خوالێخۆشبوو بەتایبەتی بنەماڵەی بەڕێزیان و هەروەها کۆمەڵگەی قەڵەمبەدەستان و بیرمەندانی کوردستان، خۆی لە خەمیان بە بەشدار و شەریک دەزانێ.