ئامینە کورد خێزانی تێکۆشەری کۆچکردووی حیزبی دێموکرات میرزا عەبدوڵڵای جیهانگیری لە بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
خاتوو ئامینە کورد لە ریزی ئەو ژنانەیە کە لەپەنای میردە شۆڕشگێڕەکانیان وەکوو پشت وپەنا، خزمەتیان بە بزاڤی گەلەکەمان کردووەو لەو پێناوەدا تووشی کێشەوگرفت بوون و چەرمەسەریی زۆریان چێشتووە.
شایانی باسە عەبدوڵڵای جیهانگیری ناسراو بە مێرزا عەوڵڵا لە ساڵی ١٣١٦ی هەتاوی لە گوندی داشبەند سەر بە ناوچەی بۆکان لە دایک دەبێ و
لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی پێوەندیی بە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتەوە دەگرێ و تا سەرکەوتنی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ ناوبراو ماندوویینەناسانە لە حیزبدا ئەرکی وەئەستۆ گرتووە.
میزرا عەبدوڵڵا جیهانگیری دوای سەرکوتی خەباتی چەکدارانەی ٤٦ و ٤٧ی هەتاوی ئاوارەی شاران دەبێ و دواتر لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی هاوکات لە گەڵ تێکۆشانی سەر لە نوێ و ئاشکرای حیزبی دێموکرات پەیوەست بە حیزب دەبێ و درێژە بە خەبات دەدا.
ناوبراو لە سەردەمی خەباتی چەکداری لە زۆرەبەی شەڕەکانی ئەوکات وەکوو شەڕی سێ مانگە، شەڕی سەقز و داشکستان و ماینبڵاغ و گرتنەوەی شاری بۆکان بەشداریی کردووە.
میرزا عەبدوڵڵا جیهانگیری لە ماوەی حیزبایەتی بە روحسووکی و سەداقەتەوە ئەرکەکانی خۆی بە جێگەیاند و ئەو تێکۆشەرە خەمخۆرە لە رۆژی ٢٦ی پووشپهری ساڵی ١٣٨٨ بە هۆی نەخۆشیەوە کۆچیدوایی کرد.
ناوەندی ڕاگەیاندی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای هاوخەمیی لە گەل بنەماڵە و کەسوکاری دایە ئامینە کورد و کەسوکاری مێرزاعەبدوڵڵا جیهانگیری، تەمەن درێژییان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.