ڕۆژنامەنووس و چەند چالاکێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە لە شاری سنە دەستگیرکران.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو، فەرهاد هادی، یەکێک لە ڕۆژنامەنووسانی کورد و سەرنووسەری حەوتوونامەی “دەنگی کوردستان” لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێرانەوە لە شاری سنە دەسبەسەرکرا.
هێزە ئەمنییەکان بە هێرش بۆ سەردەفتەری “فەرهاد هادی” سەرنووسەری حەوتوونامەی “دەنگی کوردستان”یان دەسبەسەر و، بۆ شوێنێکی ناروون گواستویانەتەوە. هەروەها دەنگۆی دەسبەسەرکرانی چەند چالاکاکێکی دیکە لە شاری سنە بڵاو بووتەوە کە تا ئێستا بۆ ناوەندی هەواڵی کوردستان و کورد پشتڕاست نەکراوەتەوە.
شیمانەی ئەوە دەکرێ، هۆکاری دەستگیرکردنی بۆ ئەو شەپۆلە دەستگیرکردنانە بگەڕێتەوە کە دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی پێکرد، چونکە حەوتوونامەی دەنگی کوردستانیش لەبارەی ڕیفراندۆمەوە چەندین بابەتی بە زمانەکانی کوردی و فارسی بڵاوکردبووەوە.
شایانی باسە حەوتوو نامەی دەنگی کوردستان بە دوو زمانی کوردی و فارسی لە سنە دەردەچێ و لە پارێزگاکانی، سنە، ورمێ، ئیلام و کرماشان بڵاو دەکرێتەوە.
حەوتوونامەی کوردستان جیا لە تێکۆشان لە بواری رۆژنامەگەریی کوردی ، وەکوو ناوەندێکی فیکری وفەرهەنگی لە شاری سنە رۆڵی هەیەو لە بەرێوەبردنی کۆڕیاد و پانێلی تایبەت بە بوارە فەرهەنگی و میژوویی و مەدەنی، خزمەتی بەڕچاوی هەبووە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.