لە دوویەمین رۆژی پرسەی مام جەلال تاڵەبانی هەیئەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونیان لە شوێنی پرسەگێڕان رێزیان لە یادوناوی مام جەلال تاڵەبانی گرت.
رۆژی یەکشەممە ١٦ ی ڕەزبەر شاندێکی حیزب، بە سەرپەرەستی مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونیان لە تەکیەی تاڵەبانی لە شاری کۆیە لە گەڵ بەشێکی دیکە لە کارگێڕانی یەکیەتیی نیشتمانی و خزمان و هەڤاڵانی مام جەلال تاڵەبانی، هاوخەمییان دەربڕی.
هەروەها لە دوانیوەڕۆی هەمان رۆژی هەیئەتێکی دیکەی حدک بە سەرپەرەستی حەسەن قادرزادە ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانیان کرد لە شاری هەولێر و لە نزیکەوە هاوخەمیی و ئەمەگناسی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بە بۆنەی کۆچیدوایی مام جەلال تاڵەبانی ڕاگەیاند.