سەرۆکی ناوەندی ئەنجومەنە سێنفییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی ڕووداوەکانی کاری بۆ کەلوپەلە هاوردەکراوە ناستانداردەکان گەڕاندەوە.
هەواڵدەریی حکومەتی مێهر لە زمان ئەبولفەزل ئەشرەفمەنسووری بڵاویکردەوە؛ لە ئێراندا هیچ پێوەر و ستانداردێک بۆ کەڵک وەرگرتن لە کەلوپەلەکان بەمەبەستی پاراستنی گیانی کرێکاران ڕەچاو نەکراوە و ئەوەش وای کردووە کە ئێران پلەیەکی زۆر نزمی هەبێ.
بە قسەی ناوبراو تەواوی ئەو کەلپەلانەی کە هاوردەی ئێران دەکرێن ستانداری جیهانی نین و ئەوەش هۆکارێکی سەرەکی بۆ زیادبوونی ڕێژەی ڕووداوەکانی کاری لێدەکەوێتەوە.
بەپێی دوایین ئاماری ڕێکخراوی جیهانی کار ئێران لە نێوان ١٨٩ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٠٢ی لە ئاستی ڕووداوەکانی کار بۆ خۆی تۆمار کردووە.
دوایین ئاماری حکومەت سەبارەت بە ڕێژەی ڕووداوەکانی کار کە بووەتە هۆکاری گیان لەدەستدانی کرێکاران باس لەوە دەکا کە لە ساڵی ٩٤ی هەتاویدا ١٤٩٤ کرێکار گیانیان لە دەست داوە کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نەبوونی کەلوپەلی ناستانداری کار هۆکاری سەرەکی بووە.
شایانی باسە کە ماوەیەک پێش ئێستاش رێکخراوی پزیشکی قانوونیی ئێران لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە هەر شەو و رۆژێکدا ٥ کرێکار لە ئێران گیان لەدەست دەدەن.