دوایین چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری کرماشان، کە ماوەیەک لەو پێش لە کاتی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر کوژرانی کۆڵبەرانی شاری بانە و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئەو شارە دەسبەسەر کرابوو، بە دانانی متمانەبڕی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان، دەسبەسەر کراوی چالاکی مەدەنی شاری کرماشان، بە ناوی “شەهریار تەهماسبی” لە گرتووخانەی دێزڵاوای ئەو شارە بە دانانی متمانەبڕی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەو چالاکە مەدەنییە لەگەڵ چوار کەسی دیکە بە مەبەستی پشتیوانی لە مانگرتنی خەڵکی شاری بانە و ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر کوژرانی ٢ کۆڵبەری کورد بە دەستی هێزە سنوورپارێزەکانی ڕێژیم کوژرا بوون، لە بەردەم پارێزگای کرماشان کۆببوونەوە، دەسبەسەر کرابوون.
شایانی باسە کە پێشتریش، هێزە ئەمنییەتییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی پێنج چالاکی مەدەنی و پاش پشکنینی ماڵەکانیان دەستیان بەسەر کەرەستە کەسۆکییەکانیانی ئەو چالاکە مەدەنییانە داگرت.