چەندهەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە رۆژانی ٦ و ٧ و ٨ی ئۆکتۆبر لە ڕێوڕەسمی پرسەی مام جەلال تاڵەبانی لە وڵاتی سوئید بەشدارییان کرد و پەیامی حیزب و تێکۆشەرانی دێموکراتیان ڕاگەیاند.
رۆژی هەینی رێکەوتی ٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ی زایینی، لەسەر بانگهێشتنی شۆرش قادر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوئێد، هەیئەتێکی حدک بە بەشداری رحیم محمد زادە و محمد ئیسماعیلی بەشداری کۆرێک بوون کە لە مەکتەبی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری ستۆکهۆڵم بەمەبەستی رێز گرتن لە سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی.
هەیئەتی حیزبی هاوخەمی خۆیان بە بۆنەی کۆچی دوایی سەرۆک تاڵەبانی بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم گەیاند و لە دەفتەری یادکردنەوەکەیدا کە بەمەبەستی نووسینی چەند دێڕێک لە سەر سەرۆک مام جەلال، ئامادەکرابوو، سۆز و هەستی خۆیان بەرانبەر لەدەستدانی ئەو سیاسەتمەدارە گەورەیەی نەتەوەکەمان، دەربڕی.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ی زایینی، لە زۆربەی هەرە زۆری شارەکانی ئوروپا و بە تایبەت لە وڵاتی سوید، کۆڕی پرسە و ماتەمینی بۆ مەرگی مام جەلال تاڵەبانی بەڕێوەچوو. لە شاری ئۆرێبرۆی وڵاتی سوید هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرستی هاوڕێ سەعید بیگزادە ئەندامی ڕێبەری حیزب و هاوڕێیەتی کەریم بابەکری بەرپرسی کومیتەی ئۆرێبرۆ بەشداری کۆڕی پرسە و ماتەمینی مام جەلایان کرد لەو شارە. دوابەدوای پەیامی کومیتەی ڕێکخستنی یەکیتی نیشتمانی کوردستان، هاوڕێ سەعید بیگزادە ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات، چەند وتەیەکی بۆ هاوخەمی و سەرەخۆشێ مەرگی مام جەلال پێشکەشی ئامادە بووان کرد.
هەر هەمان ڕۆژ لە شاری یۆتبۆری سویدیش هەیئەتێکی کومیتەی حیزب لەو شارە بەشداری پرسەی ماتەمینی مام جەلال تاڵەبانی،یان کرد.
لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان، پێکهاتوو لە هاوڕێیان ئازاد بانەیی و جەمال فەتحیان، لە دوو کوڕی پرسەی مام جەلال تاڵەبانی، لە شارەکانی مالمۆ و هێلسینگبۆری بەشدارییان کرد. لە کۆڕیادی شاری مالمۆ، هاوڕێ ئازاد بانەیی پەیامی پرسە و هاودەردی حیزبی دیموکراتی کوردستانی خوێندەوە و تاجە گوڵینەی ڕێزلێنانی دانا لە بەردەم وێنەی سەرۆک تاڵەبانی.
دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ کۆڕێکی پرسە و سەرەخۆشی بە بۆنەی کۆچی دایی مام جەلال تاڵەبانی سەرکۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان لە باکووری شاری ستۆکهۆڵم پێکهات.
کۆڕەکە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و خولەکێک بێدەنگیی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و گەورە پیاوی مێژووی شۆڕشی کوردستان مام جەلال دەستیپێکرد. دواتر پەیامی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سێ زمانی کوردی، سوئێدی و عەرەبی خوێندرایەوە و پاشان عومەر شێخمووس باسێکی کورتی لەسەر مام جەلال و بیروبۆچوونی نووسەران و سیاسەتوانانی بێگانە لەسەر مام جەلال باسکرد.
وەفدی حدک پێکهاتوو لە ئەندامانی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزب، کۆمیتەی سوئێد و کۆمیتەکانی ستۆکهۆڵم و ئوپسالا کە بە سەرپەرستیی کاک خالیدی عەزیزی بەشداری پرسەکە بوون. هەروەها لە پەڕاوێزی پرسەکەدا خالیدی عەزیزی بەشداریی وتووێژێکی راستەوخۆی تەلەفزیۆنی کوردستان ٢٤ی کرد.