سوپای پاسداران و حەفازەت ئیتڵاعات و حەفازەت ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران رێگەیان نەدا كە رێكخراوەكان و چالاكوانانی مەدەنی مەریوان رێورەسمی پرسەی ماتەمینی بۆ مام جەلال بەرێوەببەن.
بەپێی زانیارییەكانی كوردستان و كورد بڕیاربوو ئەمرۆ یەكشەممە لەمەریوان رێورەسمی ماتەمینی بۆ مام جەلال تاڵەبانی سكرتێری پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سەرۆككۆماری پێشووی عێراق بەرێوەبچێ. ئەو پرسەیە بڕیاربوو لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەلی مەدەنی و فەرمانداری مەریوان بەرێوەبچێ، بەڵام سەرچاوەیەك لە مەریوان بە كوردستان و كوردی راگەیاند كە بەبێ ئاگاداری ئەوان و لەپرێكدا رێورەسمی پرسە بۆ كۆچی دوایی مام جەلال ھەڵوەشاوەتەوە.
ھاوكات رێكخراوەكانی كۆمەلەی مەدەنی مەریوان ھەر ئەمرۆ لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرایانكردووە كە سبەی رێورەسمی پرسەی ماتەمینی لە مەریوان بۆ مام جەلال بەرێوەدەچێ، بەڵام ناوی ئەوان لەلیستی ئامادەكارانی پرسەكە ھاتووەتەدەر، ھەربۆیە ئەوان ھیچ بەرپرسیارییەتییەك ناگرنە ئەستۆ، و ئاشكراشیانكردووە كە سبەی دوشەممە رێكخراوەكانی كۆمەلی مەدەنی مەریوان بەشداری لەو رێورەسمەدا ناكەن. بەپێی زانیارییەكانی كوردستان و كورد حەفازەتی سوپای پاسداران و حەفازەتی ئیتڵاعاتی پارێزگای سنە رێگریان لە بەشداری رێكخراوەكانی مەدەنی مەریوان لەو رێورەسمە كردووە.