رۆژی هەینی ١٤ی ڕەزبەر شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستی کاک جەلیل گادانی تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە هاوڕێیەتی چەند کەسی دیکە لە ئەندامانی رێبەری ئەو حیزبە، لە ڕێوڕەسمی پێشوازیی کردن لە هێنانەوەی تەرمی مام جەلال و بە خاک ئەسپاردنی بەشدارییان کرد.
ئەو ڕێوڕەسمە کە لە نێو ئاپۆرای خەڵکی شاری سلێمانی و شارەکانی دیکەی باشووری کوردستان بەڕێوەچوو، دەیان لایەنی سیاسی پارچەکانی دیکە کوردستان لەوێدا بەشدار و ڕێزیان لە تێکۆشەری دێرینی نیو بزاڤی مافخوازانەی گەلی کورد لە باشووری کوردستان و دیپلۆماتی ناسراوی گەلەکەمان مام جەلال تاڵەبانی گرت.
هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی لە گردی دەباشان شوێنی ناشتنی مام جەلال تاڵەبانی ، بەپێشکەش کردنی تاجە گوڵینە وەفا و ئەمەگناسی حیزب و تێکۆشەرانی دێموکراتیان ڕاگەیاند.
هەروەها رۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٥ ڕەزبەر هەیئەتێکی دیکەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستی کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە و چەند کەس لە ئەندامانی رێبەری، لە پرسەی مام جەلال تاڵەبانی لە شاری سلێمانی بەشدارییان کرد.
رۆژی شەممە لە یاریگەی سیروانی نوێ شاری سلێمانی یەکەم رۆژی پرسەی مام جەلال بەڕێوەچوو و هەیئەتێکی پایە بەرزی حیزبیش بە بەشداریی کردنیان، لەنزیکەوە لەگەڵ بنەماڵەی بەرێز تاڵەبانی و کادر و ئەندامانی یەکیەتیی نیشتمانی و کارگێڕانی هەرێمی کوردستان و هەڤاڵانی مام جەلال هاوخەمییان کرد و، پرسە و سەرەخۆشی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بەو بۆنەوە ڕاگەیاند.
هەر لەو ڕۆژەدا خاتوو نەسرین حەداد و سوهەیلا قادری ئەندامانی رێبەری حیزب، لە مەراسمی ژنان ئامادەبوون و هاوخەمی حیزب و ژنانی تێکۆشەری دێموکراتیان دەربڕی.
شایانی باسە لەیەکەم ساتی بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچیدوایی مام جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق ، حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناردنی چەند هەیئەت و سەردانی مەڵبەند و ڕێکخستنەکانی یەکیەتیی نیشتمانی لە شارەکانی سلێمانی و کۆیە و هەولێر لە نزیکەوە هاوخەمیی خۆیان بۆ لە دەستدانی کەسایەتیی سیاسیی کورد و دۆستی هەرەنزیکی دێموکراتەکان، مام جەلال تاڵەبانی ڕاگەیاند.
جێی وەبیر هێنانەوەی مام جەلال تاڵەبانی دوای ماوەیەک نەخۆشی رۆژی ١١ی رەزبەر لە وڵاتی ئاڵمان ماڵاوایی لە ژیان کردو، رۆژی ١٤ی ڕەزبەر لە ئێوارەیەکی پاییزیی لە رێوڕەسمێکی بە شکۆدا لە سەر گردی دەباشان، بە خاک سپێردرا.