جەلیل گادانی تێکۆشەری دێرینی دێموکرات و لە دۆستانی نزیکی مام جەلال تاڵەبانی بە بۆنەی کۆچیدوایی مام جەلال پەیامێکی هاوخەمیی بڵاو کردەوە.
مام جەلالی گەورەسیاسەتمەداری هەرە ناسراوی کورد، مام جەلالی خەباتکار، لێبڕاو، ڕفیق دۆست و میهرەبان و دڵسۆزی کورد و کوردستان، مامجەلالی ماندوویی نەناس دڵە گەورەکەی وەستا و جێی هێشتین.
کۆچی مامجەلال ڕێبەری مەزن بۆ هەموو کوردێکی بەشەڕەف لە هەرچوارپارچەی کوردستان هەواڵێکی دڵتەزێنە.
نەتەوەی کورد بە تێکڕا خەباتی بێوچان و دوور و درێژی مامجەلالی لەبەر چاوە و خزمەتە گەورەکانی بە گەل و نیشتمان هیچ کات لە بیر ناکا.
مامجەلال هەوێنی یەکیەتی و برایەتی و ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان بوو.
نە لە پۆستی سکرتێری و نە لە پۆستی سەرکۆماری عێڕاقدا لە خۆبایی نەبوو و دۆستانی خۆی لە بیر نەکرد. لەو کاتەوە کە ناسیم و لە نزیکەوە دیتم و دەیان جار لەگەڵی دانیشتم وام ناسی کە مرۆڤێکی وردبین، وشیار، ڕاستگۆ، سەریح و خاوەن بڕیار و هەڵوێست بوو.
دڵەگەورەکەی مامجەلال هەموو کات بۆ کورد و کوردستان لێیداوە، بەداخێکی گرانەوە مەرگ مەودای نەدا کوردستان بە سەربەخۆیی ببینێ کە هەموو ژیانی لە پێناویدا بەخشی.
بە بۆنەی ئەو کۆستە گەورەی لەدەست چوونی مامجەلال، کۆچی دوایی ئەو ڕێبەرە مەزنە کە خەسارێکی گەورەیە و بە هاسانی پڕ نابێتەوە لە لایەن خۆم و بنەماڵەی گادانییەوە لە نەتەوەی کورد و هەموو حیزبە تێکۆشەرەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان و بە تایبەتی لە ئەندام و لایەنگرانی یەکیەتی نیشتمانی بە گشتی و بەتایبەتی تر لە بنەماڵەی بەڕێزی تاڵەبانی و ڕێبەرایەتی یەکیەتی سەرەخۆشی دەکەم و هیوا دارم هەر وەک مام جەلال دەیفەرموو “بە هەستی نەتەوەیی و بەرپرسایەتییەکی شۆڕشگێڕانە یەکیەتی ناو یەکیەتی بپارێزن و ڕیزەکانتان پتەو و پتەوتر بکەن” هیوادارم بە ڕۆحی برایەتییەوە ڕێگەی خەباتی مامجەلال بۆ دیمۆکڕاسی و سەربەخۆیی کوردستان کە ئامانجی هەرە گەورەی ئەو بوو درێژە بدەن.
ڕۆحی مامجەلالی سەرکردە شاد و ڕێگەی خەباتی پڕ لە شانازی تا وەدیهاتنی هەموو ئامانجە لە مێژینەکانی درێژەی هەبێ.