ڕۆژنامەی فایننشاڵ تایمزی بریتانیا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە لە پرۆژەی نوێی هەوڵەکانی ئامریکا لە دژی ئێران، ئەگەری زۆرە دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئامریکا سپای پاسداران لە لیستەی گرووپە تیرۆریستییەکان بهاوێ.
ڕۆژنامەی فایننشیاڵ تایمز لە سایتی خۆی لە ئەنتەرنێت لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویە: “دەوڵەتی ترامپ وەک بەشێک لە ستراتیژیی نوێی خۆی لەدژی ئێران، ئەگەری زۆرە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئیران وەک “ڕێکخراوێکی تیرۆریستی” بناسرێ و گەمارۆی بخرێتە سەر”.
لەو بارەوە بەرپرسێکی باڵای ئامریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ لەو بارەوە گوتوویە: “دۆناڵد ترامپ بەتەمای دەستپێکردنەوەی گەمارۆی فراوان لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیە کە ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی تێکدانی ڕێککەوتنی ناوکی، نیە، بەڵکوو چاوەڕوان دەکرێ هەوڵی نوێ لەدژی هەڵوێست و کردەوەکانی ئێران بگرێتەبەر، کە ئەویش ناساندنی سپای پاسدارانە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و هاوکات چەندین هێزی توندئاژۆی دیکەی وەک حەماس، حیزبوڵا و حەشدی شەعبی لە عێراق، سووریە و عێراق ئەکەونە ناو ئەو گەمارۆیەی ئەمریکاوە”.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتدا هاتووە: “سەرکۆماری ئامریکا دەبێ هەتا ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٠/١٥ ڕاپۆرتی نوێی خۆی لەبارەی پابەندبوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ناوکیی پێنج کۆ یەک بداتە کۆنگرە”.
بە قسەی بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بڕیارە دۆناڵد ترامپ لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕای بگەیەنێ، ئێران پابەندی ڕێککەوتنی ئەتۆمی نەبووە.
لە ئەگەری پەسەندنەکردنی پابەندیی ئێران بە ڕێککەوتنی ناوکی، کۆنگرە دوو مانگ دەرفەتی هەیە هەتا لەبارەی ڕەچاوکردنی گەمارۆی نوێتر بۆسەر ئێران بڕیار بدا.