بەندکراوێکی کورد لە تاو ئازار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانی بەندیخانەی مەریوان بە نیشانەی نارەزایەتی دەربڕین دەستی دایە خوکوشتن و ئێستاش بە برینداری لە نەخۆشخانەی مەریوان دایە.
بە پێی هەواڵی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی کوردستان “پوریا جەوادی” تەمەن ٢٥ساڵ و خەڵکی شاری ئیلام کە بە هۆی خوشیدەربڕین لە جێژنی گشتپرسی باشووری کوردستان لە شاری ئیلام دەسبەسەر و بۆ زیندانی مەریوان گواستراوەتەوە.
ئەو بەندکراوە، رۆژی پێنجشەممە بە هۆی بێرێزی کردن و ئازاری زیندانبان و بەرپرسانی بەندیخانەی مەریوان بە چەقۆ هەوڵی خۆکوشتنی داوە.
شایانی باسە لە رۆژی بەڕێوەچوونی رێفڕاندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی نیزام لە زۆربەی شارە و ناوچەکانی رۆژهەلاتی کوردستان دەستیان دایە دەسبەسەر کردنی خەڵک.
ڕەشبگیری بە تاوانی خوشیدەربڕین زۆربەی شارەکانی رۆژهەلاتی گەرتەوەو تائێستا هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە پتر لە سەدان کەس لە خەڵکی مەدەنی و چالاکان و هەڵسووڕاوانی مەدەنی وفەرهەنگی بە تاوانی بەشداریی کردن لە جێژنی گشتپرسی لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات و ناوەندە ئەمنیەکانی دیکە ڕاگیراون