باخی پڕ لە گوڵ وگوڵزاری خەباتی کورد هەرچەند بۆن و بەرامەی ئەو نێوەی پڕ کردوە و دڵی هەموو ڕێبوارێکی بردوە، کەچی بێ دڕکوداڵیش نیە. ئەم باخە خۆش و ڕازاوەیە کە بە هیممەتی هەزاران باخەوانی کارامە و دڵسۆز و لێهاتوو خزمەتی کراوە، بەڵام هەر جارە ناجارێک گیاکەڵە و دڕوە زەردە و فریزوو بەربینگی پێ دەگرن و خەریکن لەبەر چاوی بخەن.
ئاوڕێکی کورت لەخەباتی سەدان ساڵەی کورد بۆ گەیشتن بە مافی ئینسانیی خۆی ئەوەمان پێ دەڵێ قەت باخێکی بێ دڕکوداڵمان نەبوە و هیچکات ڕووی نەداوە سوارچاکانی ڕێڕەوی ئەم خەباتە تووشی سەرەنەگرێ نەبن و لەلایەن هاوخوێنانی خۆیانەوە سەر ڕێیان پێ نەگیرێ. ئەوەندەی کورد لەپێناو گەیشتن بە ئاواتەکانی خوێنی داوە و فیداکاریی نواندوە لەگێڕانەوە نایە. خەباتکارانی کورد لەڕەوتی دوورودرێژی بڕینی ئەم ڕێگا سەختەدا ئەوەندەی لەلایەن سوپای نەیارەوە هەوڵی سڕینەوەی دراوە بەداخەوە دەنێو خۆشیدا بەربەستی کەمی بۆ ساز نەکراوە. هەتا ئێستاش موشکیلەی ئەسڵیی بە ئاکام نەگەیشتنی کورد بە مافەکانی هەمان ئەو ئەو بەربەستە نێوخۆییانەیە کە هەرجارەی بە ناوێک و بە بیانوویەک بەربینگی پێ دەگرن.
یەکەم لەتبوونی خاکی کوردستان بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر دابەشبوونی کورد بەسەر دوو بەرەی شەڕی نێوان عوسمانی و سەفەویدا کە ئاکامەکەی خوێنێکی زۆر، قاتی و قڕی و دووپارچە بوونی خاکی کوردستان بوو. لەهەموو شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی کوردانی ژێر دەستی عوسمانیدا کەڵەوەکێشی، ڕقبەڕقەی نێوان سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان و بۆ بەچۆک داهێنانی یەکتر هاوکاریی دوژمن کردن، کارتی بەرەندەی سوپای عوسمانی و شکست و تێداچوونی خودی کورد بوو. سەرهەڵدانەکەی میری ڕەواندز و خانی لەپ زێڕین و دواتر شێخ عوبەیدوڵلا و ئارارات و شێخ مەحموود و سمکۆ و دواتر دروستکردنی کۆماری کوردستان لەلایەن قازی محەممەدەوە هیچیان بێ کێشەی نێوخۆیی نەبوون و لە هەمووشیاندا دەستی تێکدەرانەی نێوخۆ کارساز بوە. ئەگەر دوژمنانی ئازادیی کورد بە ئاشکرا دەهاتنە شەڕی کورد و بۆ بەچۆکداهێنای خەباتکاران ئەو پەڕی دڵڕەقی و بێڕەحمییان دەنواند، نەیارانی نێوخۆ لەڕێگای جۆراوجۆرەوە دەسیسەیان دەگێڕا و خەریکی بنکۆڵ کردنی ژێرپێی خەباتکاران و سەرکردەکانیان بوون. ئەوەی جاران وەک شەڕی قودرەت و ڕقبەڕقەی تایفەگەری و دەربڕینی حەسادەت زەبری لە ڕەوتی خەباتی کورد دەدا، ئێستا بە ناوی دیکە و لە مەجالی دیکەشدا خۆی دەنوێنێ.
هەتا زەمان تێپەڕیوە و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ئاڵوگۆڕی زیاتریان بەسەردا هاتوە، بەرەی تێکدەری نێوخۆییش بیانووی تازەی دۆزیوەتەوە و دەستەواژەی نوێی بۆ تێکدانی یەکڕیزیی خەباتکاران دۆزیوەتەوە. لێرە باسی ئەو کوردانە نیە کە چەکی دوژمنیان دەست داوەتێ و ناوی «جاش»یان وەدوو خراوە. ئەوان ڕێگایان دیارە و بە ئاشکرا سەفی خۆیان لە سەفی خەباتکاران جیا کردۆتەوە. لێرە باسی ئەو کوردانەیە کە بە ناوی دڵسۆزی بۆ مەسەلەی کورد بە قەولی خۆیان لێحاڵی بوونی زیاتریان لە مەسەلەکان، عەمدەن بەرد دەخەنە سەر رێێ خەباتکاران و نایەڵن کورد یەکڕیزیی بە نسیب بێ.
ئەوەی لەم دواییانەدا پێوەندیی دەگەڵ ڕیفڕاندۆمی باشووری کوردستان هاتە گۆڕێ و ئەو دەستەبەندییەی لەم نێودا ساز کرا و ئێستاش بەردەوامە دەچێتە خانەی هەمان بەربەست سازکردن و هەوڵدان بۆ لێکترازانی ڕیزەکانی گەل. ئەگەر جاران ڕەقابەتی نێوان سەرۆک عەشیرەتەکان یەکڕیزیی کوردی تێک دەدا، ئێستا «ڕووناکبیر»ی خۆ بە ئاکادیمی زانی چەند زمان زان ئەو ئەرکەی وە ئەستۆ گرتوە و شەووڕۆژ خەریکە لە نێو لاپەڕەی کتێبان ماددەی قانوونی بۆ بە ناشەرحی زانینی ڕیفڕاندۆم بدۆزێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ تەیفێک لەبەرەی ڕووناکبیری دژبەری سەربەخۆیی دەرحەق مافی ڕەوای نەتەوەکەی دەیکا تاوانی لەو شمشێر کێشانەی دژبەرانی ڕاپەڕینە سەربەخۆیی خوازانەکانی سەدەی نۆزدەی کورد کەمتر نیە. ئەوەی ئێستا تێکدانی مێشکی لاوی کوردە و دڵسارد کردنەوەی نەوەیەکی نوێ لەدرێژەدان بە خەباتی کوردایەتییە. ئەوەی ئێستا ڕۆڵی ئەو دڵۆپە ئاوانە دەگیڕێ کە تک تک دەکەونە سەر نێوچاوانی بەندکراوی دەست کەلەپچە کراو. ئازار و زیانی ئەو دڵۆپانە زۆر لەئازار و زیانی ئەو خەنجەرانە زیاترە کە کورد لەشەڕی نێوخۆیی وێێ کەوتوە. ئەویان لەسەر لەشە و ئەمیان لەسەر مێشکە. ئەویان کاتییە و ئەمیان درێژخایەنە.
هەرچەند باخ بێ دڕک و چەم بێ چەقەڵ نابێ و خەباتی بێ پسانەوەی کوردیش هەر جارەی بە ناوێک و بە بیانوویەک بەربەستی بۆ ساز دەکرێ، بەڵام بۆن و بەرامەی باخی خەباتی کورد وای وڵات پڕ کردوە هەموو دڵەکان شەیدای بوون و لەپێناویدا فیداکاری دەکەن. ئاکامی دڵخۆشکەرانەی ڕیفڕاندۆم دەری خست کاروانێک کە دەمێک ساڵە بۆ سەربەخۆیی وەڕێ کەوتوە هەربینا گەیشتە مەقسەد.
( لە ژمارەی ٧١١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)