“کەس نەیدەناسییەوە، وەکوو شێتی لێ هاتبوو”
ئەم ڕستەیەی وەکوو دەسپێکی چیرۆکەکەی نووسیبوو و باڵنجەکەی خستبووە سەرچاوی و بیری لەوە دەکردەوە کە چۆن درێژەی پێ بدات؟
کۆی گشتیی چیرۆکەکەی لە مێشکیدا داڕشتبوو. بەڵام هەرچی دەکرد دەستی بۆ ئەوە نەدەچوو تایپی بکات. لەبەرخۆیەوە دەیگوت: “دەزانم ئەگەر ئەوجۆرەی لە مێشکمدایە، بینووسمەوە و لە کارگەدا بیخوێنمەوە، یەکەو ڕەخنەی کە لێم دەگرن، ئەوەیە پێمدەڵێن، چیرۆکەکەت خەتی و ڕێئالیزمییە. بەقسەی ئەوان، ئەوەش تایبەتمەندیی چیرۆکی کلاسیک و لەمۆدکەوتووییە. ئیدی بەوجۆرە کارەکەم لێ دەکەنەوە بە هیچ! ئەی ئێستا من چی لەو چیرۆکە ڕێئالیزمییەی خۆم بکەم؟ چۆن بیکەم بەچیرۆکێکی سووڕئالیزمی و مۆدێڕن!؟”
کوتووپڕ هەستی کرد ڕستەی دەسپێکی چیرۆکەکەی گرفتێکی زەقی هەیە: “یانی چی کەس نەیدەناسییەوە، وەکوو شێتی لێ هاتبوو؟ ئەگەر وەکوو شێتی لێ هاتووە، ئەو دەبێ خەڵک نەناسێتەوە، نەک خەڵک ئەو!”
بۆیە دەسپێکەکەی گۆڕیی بە:
“ئێستا کەس ناناسێتەوە وەکوو شێتی لێ هاتووە!”
باڵنجەکەی خستەوە سەرچاوی و لەسەر پشت، چووەوە نێو قووڵایی چیرۆکەکەیەوە: “وا دەکەم هەروا خەتی و ڕێئالیزمیانە دەیگێڕمەوە. هەرکەسیش هەستا و ئەوەی وەک ئیراد لێ گرتم، پێی دەڵێم: “بەڕێز گەلی ئێمە لەگەڵ گەلانی دیکە ئەو جیاوازییەی هەیە، ئەوان لەشەڕ و ماڵوێرانی بوونەتەوە و هەرچی چیرۆکی سەرنجڕاکێشی ڕێئالیزمیی هەیانبووە نووسیویانە و تۆماریان کردووە و چییان بۆ نەماوەتەوە بیگێڕنەوە، بۆیە دەستەوداوێنی سووڕئالیم و خەیاڵ بووون، بەڵام ئێمە، نەک هەر لە شەڕ و ماڵوێرانی ڕزگارمان نەبووە، بەڵکوو یەک لە هەزاری چیرۆکە ڕێئالیزمەکانی خۆشمان نەنووسیوەتەوە و تۆمارمان نەکردوون. ئەگەر ئێمە ئەو چیرۆکە ڕێئالیزمییانەی خۆمان بنووسینەوە و بیاندەین بەوان بیانخوێننەوە، دڵنیام سەریان لە سووڕئالیزم بوون و خەیاڵی بوونی چیرۆکە ڕێئالیزمەکانی ئێمە سووڕدەمێنێ!”
باڵنجەکەی لابرد و هەروا لەسەر پشت، لە پێخەفەکەیدا، بە موبایلەکەی، بەر لەوەی دەست بکات بە تایپی چیرۆکەکەی، لەبەر خۆیەوە گوتی: “باشە، کەس ناناسێتەوە وەکوو شێتی لێ هاتووە، یانی چی؟ بۆ کەسێک شێت بێ ماقووڵە خەڵک بناسێتەوە؟”
کورتە چیرۆکی “ڕێئالیزمی سووڕئالیزم”
نووسینی: ن.ف
شەوی دووهەمی خۆپیشاندانەکە هەرکە ویستم ئاڵای کوردستان دەربێنم زوو لە پشتەوە دەرزییەکیان لێدام و بە بێهۆشی بردمیان بۆ ئیتلاعات و لەوێ هەموو نینۆکەکانییان دەرکێشام و تجاوزیان پێ کردم و نیوەشەو بە ماشێن بردمیانەوە بەر دەرگای ماڵی خۆمان و فڕێیاندام.
ئیستا کەس نامناسێتەوە، وەکوو شێتم لێ هاتووە؛ نانا، کەس ناناسمەوە وەکوو شێتم لێ هاتووە!”
( لە ژمارەی ٧١١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)