کاربەدەستێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بیر لە چارەسەرێک بۆ دۆخی هەریمی کوردستان دەکاتەوە کە کوردەکانیش تێیدا براوە بن.
ڕاوێژکارێکی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایدەگەیەنێ، وڵاتەکەی بە وردی بیر لە چارەسەرێک بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکاتەوە کە ھەموو لایەنێک تێیدا براوە بن و پرسەکە بە وتووێژ چارەسەر بێ و کوردەکانیش پشکی خۆیان هەبێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (ئیرنا)ی زمانحاڵی ڕەسمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیبراھیم ڕەحیمپوور، ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری ئاسیا، لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە گوتوویەتی: “ئێران بیر لە چارەسەرێک بۆ ڕیفراندۆم دەکاتەوە، کە ھەموو لایەنێک تێیدا براوە بن”.
ناوبراو سەبارەت بە سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ تاران و دەرەنجامی گفتوگۆکان لەبارەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، گوتویەتی: “لە سەرەخۆ و بەھێمنی دەمانەوێ پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەین و ھەر لەو ئاراستەیەدا گفتوگۆ لەگەڵ سووریەش دەکەین”.
هەروەها لە لایەکی دیکەوە سەرکردەیەکی عێراقی رایدەگەیەنێ، کە کوردستان مافی خۆیەتی سەربەخۆیی رابگەیەنێت و لە عێراق جیابێتەوە.
عومەر عەبدولستار هەروەها رایگەیاند، کە گەلی کوردستان مافی خۆیەتی لە عێراق جیابێتەوە و سەربەخۆیی رابگەیەنێ، چونکە ئێستا قاسم سولێمانی، فەرماندەی سپای قودسی ئێران، وڵاتی عێراق بەڕێوە دەبا.
عومەر عەبدولستار، سەرکردەی ناسراوی پێکهاتەی عەرەبی سوننی مەزهەبی عێراق رایگەیاند، سوننی مەزهەبەکان هەوڵ دەدەن هەرێمێکی تایبەت بۆ خۆیان دروست بکەن، چونکە بەردەوام لە سایەی حکوومەتی عێراقی رووبەڕووی کوشتن و پەراوێزخستن دەبنەوە.