١٥٠چالاک و هەڵسووڕاوی مەدەنی و سیاسی کوردستانی ئێران، بە نووسینی پرسەنامەیەک بۆ کۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی، هاوخەمی و سەرخۆشی خۆیان ئاراستەی کۆمەڵانی خەمباری کوردستان، سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بنەماڵەی مام جەلال کردووە.
ئەو پرسەنامەیە کە سەرەتا هەواڵدەریی موکریان بڵاوی کردووتەوە لە لایەن ١٥٠ چالاکی سیاسی ومەدەنییەوە واژۆ کراوە.
دەقی پرسەنامەکە:
بەناوی پەروەرندەی ڕووناکی
کۆمەڵانی خەمباری نیشتمان؛ سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان؛ ئەندامان و لایەنگرانی دڵپەشێوی یەکییەتیی نیشتمانیی کوردستان؛ بنەماڵەی خەباتکاری سەرۆکی هەمیشە زیندوو “مام جەلال”!
ئێمە وەک هەڵسووڕاوانی بواری خەباتی سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ئەدەبیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێڕای دەربڕینی هەست و سۆزی هاوخەمیی خۆمان، پڕ بەدڵ سەرەخۆشیتان لێ دەکەین. بێگومان کۆچی ناوادە و دڵتەزێنی سیاسەتمەدار و بیرمەند و نووسەر و شۆرشگێڕی ماندوویینەناسی گەلەکەمان، نەک هەر ئێمە، بەڵکوو دنیایەکی شڵەژاند و هەوری خەم و تەمێکی قورسی بە شوێن خۆیدا هێنا.
بەختکردنی تەمەنێکی سەرووی شەست ساڵ لە دنیای پڕ هەوراز و لێژی سیاسیدا و ڕاگرتنی چەشنێک هاوسەنگی لەم ناوچەیەدا، کە بە تۆوی دووبەرەکی و لێکدابڕان داچێندراوە و بە تانوپۆی زوڵم و زۆرەملی تەندراوە، ڕەنگە لە هەموو کار و چالاکی و هەنگاوێکی ئەم سەرزەوییە دژوارتر بێ. کەم مرۆڤی وا هەیە وەک مام جەلال، کە هێندە فرە ڕەهەند بێ و بتوانێ ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی گەلێکی چەوساوە بکا و بەرەو ئاسۆی ئاواتێکی لەمێژینەی بەرێ و هاندەری هەناسەی ژیانی سەربەستیخوازانەی بێ. زۆر ناوازەن ئەوانەی وەک ئەم سەرکردەیە کە بتوانن بێپسانەوە لە نێو کۆمەڵێک کارەسات و ئەزموونی تاڵ و ناخۆشەوە، دیسان سەر بەرز بکەنەوە و ڕێگا نەدەن لادان و بەزین ببێتە چارەنووسی بێبڕانەوەی ئەبەدی.
مام جەلال جەمسەرێکی نوێ و ڕوانگەیەکی گەش و تازە بوو بۆ سیاسەت و خەبات و مشتوماڵی ڕووحی پڕ ئێش و ئازاری مرۆڤی ژێرچەپۆکەی دەدا. لە شۆرشی نوێدا بوو بە ئاڵاهەڵگر و بووژێنەوەی جووڵانەوەیەکی خەیانەتپێکراوی نەیاران، کە هەستانەوەی ئەفسانەیەک بوو تەنیا چیاکان و بیری تازەپشکووتوو بڕوایان پێی بوو. ئەم پێشەنگە لە هەڕەتی شەوەزەنگی تاریکپەرستیدا توانی قوتابخانەیەکی ڕووناک دامەزرێنێ و ملی ڕێبازی هێنانەدیی مافی چارەنووس بگرێ و ڕەوتی پێکەوەژیانی هێمنانە دابێنێ و دین و ئەندیشەی جیاواز وەک بەرهەم و دەسکەوتی پێشکەوتنی مرۆڤ بنرخێنێ و لێکیبداتەوە. ئەو بوو کە مانیفێستی دابینکرانی ئازادی و نانی بۆ قەڵەم داهێنا و لەگەڵ دەیان بەدیهات و خەسڵەتی بەنرخی دیکە چەسپاندنی و مێژووی خەباتی پێ زێڕوەشان کردن.
ئێمە دەزانین کە لەم ساتەوەختە سەخت و دژوارەدا، کۆچی ئەم کەڵەپیاوە خۆشەویست و مەزنە، زەبرێکی گرانە و غیابی مام جەلال لەم دووسێ ساڵەی دواییدا بە هەموو دنیای سەلماند، نەمانی دەوری کاریزمایەکی تاقانەی پڕاگماتیست دەتوانێ چۆن ڕەنگ بداتەوە. بێگومان هەمیشە مام جەلال دەیتوانی نەهێڵێ ڕێچکە باریک و وردەکان کوێر ببنەوە و لە دەستی دەهات بیانباتەوە سەر شاڕێی تێپەڕین و ڕێ نەدا کۆسپ و تەگەرە ببنە لەمپەری وەدی هاتنی مافی ڕەوا.
بەڕاستی کەسەری لە دەستدانی مام جەلال لە هەلێکی ئاوا هەستیاری پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا پەشێوتری کردووین، چونکە هەڕەشەی ناڕەوا و ترسی لێکدابڕان و چەندبەرەکی بوونە ئاوێتەی ڕەوتی ڕووداوەکان؛ بۆیە هیوادارین هەموو لایەک بە وەبەرچاو گرتن و هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە و دانەپێشەوەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی، لەم ئەزموونە بارناسکە بە سەربڵندی دەرباز بن.
گیانی مرۆڤدۆستانەی مام جەلال، کە مەلی هومای تەبایی و حاوانەوە و حەسانەوە و بەختەوەری و گەلسالاری بوو، ئێستا بە سەر نیشتمانەوە دەخولێتەوە و چاوەڕوانی یەکییەتی و یەکبوونە و دەڕوانێتە ترۆپکی سەرکەوتن و بەهەشتی هەتاهەتایی.