لە ڕاگەیاندراوێکدا دەفتەری سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند کە مام جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، دوای ماوەیەک نەخۆشی لە نەخۆشخانەیەک لە وڵاتی ئاڵمان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
جەلال تاڵەبانی، سەرۆکۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی ١٧-١٢-٢٠١٢ لە بەغدا بەهۆی سەکتەی مێشکەوە باری تەندروستی تێکچوو و دواتر بە مەبەستی چارەسەری رەوانەی وڵاتی ئاڵمان کرا و دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، رۆژی ١٩-٧-٢٠١٤ گەڕایەوە سلێمانی.
ئەو تێکۆشەر وسیاسەتوانە لە دوای رووخانی رێژیمی بەعس لە ڕاگرتنی عێراق و چارەسەری کێشەکان نێو عێراق دەوری بەرچاوی گێڕا.
جەلال حیسامەددین نوورەڵڵا تاڵەبانی ناسراو بە مام جەلال لە ١٩٣٣ لە گوندی کەلکان لە بناری چیای کۆسرەت لەدایکبووە.
ساڵی ١٩٥٩ کۆلێژی یاسای لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە و لە کاری سیاسیش بەردەوام بووە.
لە دەستپێکی شۆڕشی کوردستاندا لە ساڵی ١٩٦١، کە دواتر بە شۆڕشی ئەیلوول ناسرا، رۆڵی سەرەکیی گێڕاوە.
لەدوای رووخانی رێژێمی سەددام لە ساڵی ٢٠٠٤، ئەندامی جڤاتی فەرمانڕەوایی عێراق (مەجلیسی حوکم) و بۆ خولێکیش سەرۆکی ئەو جڤاتە بووە. هەروەها لە داڕشتنەوەی دەستووری عێراقدا رۆڵی سەرەکیی گێڕاوە. لەبەرئەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق بۆ کوردستان بوو، ساڵی ٢٠١٠ـیش دیسان مام جەلال بووەوە سەرۆککۆمار.
تێکۆشەر و سیاسەتمەداری کورد مام جەلاڵ تاڵەبانی رۆژی ١١ی ڕەزبەر کۆچیدوایی کرد.