هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سەردەشت تەقەیان لە کۆڵبەرێکی کورد کرد و لە ئاکامدا ئەو کۆڵبەرە کوردە بە سەختی بریندار بوو.
بەپێی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان، کۆڵبەڕێکی کورد بە ناوی”سیامەند ڕاستگۆ” کوڕی لوقمان خەڵکی گوندی میرئاوای شاری سەردەشت بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شوێنێک بە ناوی”وەزنێ” ئەو کۆڵبەرە کوردەیان داوەتە بەر دەستڕیژی گوللە و لە ئەنجامدا ناوبراو بە سەختی بریندار بووە.
سیامەند ڕاستگۆ بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ ڕاگوێزراوە و ئێستا لە ژێرچاوەدێری پزیشکی دایە.
کارناسان و مافناسان لەسەر یەو باوەڕەن کە بەپێی قانوون بەکاربردنی چەک، تەقەی ڕوو لە کۆڵبەران، پێشلکردنی ئەو قانوونەیە.
شایانی باسە لە ماوەی ٨ مانگی زایینیی ڕابردوودا بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم، تەقینەوەی مین، ڕەنوو، سەرما و سۆڵە، بەربوونەوە لە بەرزایی، هێرشی هێزە نیزامییەکان، کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران لە ڕێگای هاتوچۆ، هەتا ئێستا ١٤٩ کۆڵبەر بریندار و گیانیان لە دەست داوە.