دادستانی شاری پاوە، لە بڕیارێکدا حوکمی دەسبەسەرکردنی بۆ ٣ هاووڵاتیی کوردی بە ناوەکانی “ئومید مورادی” تەمەن ٢٤ ساڵ کوڕی هیوا، “بەختیار خەندان” تەمەن ٤٨ ساڵ کوڕی محەممەد و “ڕەحمان ڕەحیمی” تەمەن ٣٥ ساڵ دەرکرد.
دادستانی شاری پاوە بە هاوکاری ئیتلاعاتی هەنگی سنووری حوکمی گرتن و دەسبەسەرکردنی بۆ ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی دەرکردووە.
هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، پاش دەرکردنی حوکمی گرتن و دەسبەسەر کردنیان لە لایەن دادستانی شاری پاوە هەڵاتوون.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە دادستانی شاری پاوە ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی لە پێوەندیی لەگەڵ شەڕ و تێکەڵچوونی کۆڵبەران لەگەڵ هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیلامیی ئێران تاوانبار کردووە.
ناوەند و دامەزراوەکانی ڕێژیم لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستان لە ژێرناوی “قاچاغچی شتومەک” هەڵسووکەوت دەکەن، لە حاڵێکدا کە دانیشتوانی کورد لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی نەبوونی هەلی کار و ڕوانینی ئەمنییەتی لەو ناوچانە، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی کۆڵبەری کردووە، کە لەو پێوەندییەشدا زۆرێک لە کۆڵبەران بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە گیانیان لە دەست دەدەن.