لە درێژەی ئاشکرابوونی ناوی گیراوەکانی ئەم دواییانەی کوردستان کە سەبارەت بە پشتیوانی لە ڕاپرسیی سەربەخۆیی باشووری کوردستان گیراون، ناوی شەش کەسی دیکە لە گیراوەکانی شاری بانە زاندراوە.
بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێری “چاونیوز” لەڕۆژی پێش ڕیفراندۆم و خۆشیدەربڕینەکانی دوای ڕیفراندۆمەکەی باشووری کوردستان دەیان کەس لە خەڵکی بانە بەتایبەت لاوانی ئەو شارە گیراون کە بەرەبەرە ناوەکانیان ئاشکرا دەکرێ.
فوئاد حوسێنزادە، زانیار مەعروفی، دانیال ئەحمەدی، ناسح خدری، هوشیار شەعبانی و سارۆ ئەحمەدی ناوی شەش کەس لە گیراوانەیە کە لە دوای کۆبوونەوە و کارنەڤاڵی شادییەکانی دوای ڕاپرسی گیراون و چارەنووسیان ناڕوونە.
شایانی باس کە بەپێی خشتەی ناو و ئامارەکان لە یەک حەوتووی زیاتر لە هەزار کەس لە شارەکانی کوردستان بە تاوانی بەشدارییان لە کارنەڤاڵی شادییەکانی دوای ڕاپرسییەکەی باشووری کوردستان گیراون کە چاونیوز ناو و نیشانی زیاتر لە 90 کەس لەوانی ئاشکرا کردوە.
هەروەها زانیارییەکان باس لەوەدەکەن کە گیراوانی ئەم دواییانەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گرتنگەکانی ئیتلاعات و هێزە ئینتیزامییەکان ڕاگیراوان و بووتە بیانوویەک بۆ دۆزینەوەو سزا دانی چالاکانی مەدەنی.
هەروەها بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی و هەڵسوڕاوانی مەدەنی لە ڕێگەی جۆراجۆرەوە لە هەوڵدان کە زووترین کات چارەنووسی گیراوان روون ببێتەوە و بە ئەم مەبەستەش بە پێکهێانی کەمپەین و ئاگادارکردنەوەی خەڵک ، خەریکی چالاکیی کردنن.