بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیان بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی و فەرامۆش نەکردنی گیراوانی جێژنی گشتپرسی بۆسەربەخۆیی باشووری کوردستان کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون، کەمپەینێکی هاوبەشیان پێکهێناوە.
دوای بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆم لە باشووری کوردستان بە مەبەستی پاڵپشتی کردن لەو پرسە نەتەوەیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵات ئێوارەی ٣ی ڕەزبەر ڕژانە سەرشەقام و ئاهەنگ و شاییان گێڕا.
هەر لە هەمان رۆژ و چەند رۆژی دوای رۆژی دووشەممە ناوەندە ئەمنییەکان دەستیان دایە ڕەشبگیری و بە گوێرەی هەواڵەکان تا ئێستا زیاتر لە سەدان کەس لە شارەکانی سنەو بانەو سەقز و مەهاباد و سەردەشت و پیرانشار و کرماشان دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان ناروونە.
هەربۆیە چالاکانی مەدەنی وسیاسیی کورد بە دامەزراندی کەمپەینێک بە مەبەستی هەوڵدان بۆ ئازادکردنی گیراوان کە بەشیوەی مەدەنییانە جێژن و شاییان بەڕێوەبردوە، پێکهێناوە کە تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵی پێشوازیی بەربڵاوی لێکراوە.
یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کەمپەینی گیراوانی رۆژهەڵاتی ئازاد بکەن، بە “کوردستاو کورد”ی ڕایگەیاند : مادام هاوسۆزی و هاوپێوەندیی کوردانی دوو پارچەی کوردستان شتێکی ئاساییە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی مەدەنییانەو بەدوور لە توندوتیژی شایی و ئاهەنگیان گێراوە ئیتر هیچ پاساوێک بۆ ڕەشبگیری نیەو دەبێ لە ڕیگای جۆراجۆرەو هەوڵبدرێ بۆ روون بوونی چارەنووسی گیراوان و ئازاد کردنیان.
هەربۆیە بەشێک لە چالاکانی مەدەنی وساسیی کورد، بۆ ئەم مەبەستە کەمپەینێکیان پێکهێناوە.











