كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی دەڵێن ژمارهی زیندانییان لەم وڵاتە دوو هێندەی بارستایی زیندانەكانە.
بەپێی ئامارە ڕەسمییەكان سەدی ٧٥ی زیندانییان لە ئێران موعتادن و بە قسهیوەزیری بێهداشت که سهردانی یهکێک له زیندانهکانی وڵاتی کردوه، ئەم زیندانییانە وەك “بۆمبە سهعەتییە بزوێنەركان”یان لێ هاتووە و لەوانەیە لە هەر كات و ساتێكدا بتەقێنەوە.
حەسەن هاشمی، وەزیری بێهداشت و دەرمانی ئێران دەڵێ زیندانی قزڵحەسار گەورەترین زیندانی ئێرانەو، ئەم زیندانە لە حاڵێكدا تەنیا بۆ ٦ هەزار زیندانی دروست كراوە، بەڵام لە ئێستادا ١٤ هەزار زیندانییان تێدا ڕاگیراوه.
بەقسەی وەزیری بێهداشت، لەم زیندانەدا ١٤ كەس لە 5 میتری چوارگۆشەدا و لە سەر تەختە 3 نهۆمهکان دەخەونو نەخۆشییە پێستییەكان، سیل و ئێدز مەترسییەكە بەردەوام بۆسهر ئهم زیندانییانە كە هیچ كامیشیان بیمە نەكراون.
بەڵام ئەم بارودۆخە دڵتەزێنەی كە وەزیری بێهداشت باسی كردووە، تەنیا تایبەت بە زیندانی قزڵحەسار نییە.
ئەبۆلفەزل حوجەتیپوور جێگری سڵامەت، چاكسازیو پەروەردەی ڕێكخراوی زیندانەكانی ئێران ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی بانەمەڕ لە ڕێوڕەسمێكدا ڕایگەیاند سەرجەم زیندانەكانی ئێران توانای لەخۆ گرتنی ١١٠ هەزار كەسییان هەیە، ئەوە لە حاڵێك دایە كە ئامارە ڕەسمییەكان باس لە بوونی ٢١٠ هەزار زیندانی لە زیندانەكانی ئێراندا دەكەن.
حوجەتیپوور كە لە كۆبوونەوەیەكدا لە ڕەشت قسەی دەكرد، گوتی: بەشێوەیەكی ورد و دەقیق سەدی ٧٣ی زیندانییان لە ئێران موعتادنو بە جۆرەها مادەی هۆشبەر گیرۆدە بوون.
هەر لەم پێوەندییەدا مراد هاشم زێهی، ئەندامی كۆمیسیۆنی بێهداشت و دەرمانی مەجلیسیش ڕۆژی سێشەممە “٢٩ی بانەمەڕ” لە لێدوانێكدا بۆ هەواڵدەریی مهجلس وێڕای ئاماژە بە “گرفتە ئیعتیبارییەكان” و دانە بەر ڕەخنەی ئەم مهسەلە كە “هیچ ئاوڕێك لە گرتووخانەكان نادرێتەوە” گوتی: كۆمەڵێك لە زیندانییانی موعتاد بە كەلك وەرگرتن لە مادەی هۆشبەر و سۆرەنگی پیس، زیندانییەكانی دیكەش تووشی نەخۆشییە گوازراوەكان دەكەن.
ناوبراو وێڕای ئاماژە بە زۆربوونی نەخۆشییە عفوونییەكان لە نێو زیندانەكاندا، گوتی: ئەم كەسانە پاش ئازاد بوون لە زیندان، نەخۆشییەكانی خۆیان بۆ كەسانی دیكەش دەگوازنەوە كە ئەوەش مەترسییەكە بۆسەر بێهداشت و سڵامەتیی كۆمەڵگا.