هێزەکانی بە ناو پاسەوانی سنووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جێگیر لە ناوچەی ئالانی سەردەشت تەقەیان لە ژمارەیەک کاسبکاری کورد کرد و لە ئاکامدا ٧ سەر ئەسپی کاسبکاران بە کوشت چوون و ١٣ باری کاسبکاریان بە تاڵان برد.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان، شەوی ڕابردوو، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆیهەنگی سنووری لە ناوچەی ئالانی سەردەشت ٧ سەر ئەسپی کاسبکاران بە کوشت چوون و هەروەها ١٣ سەر ئەسپی کاسبکاران لە شوێنێک بە ناوی “بێندروێ” لە پشت گوندی “بێژوێ” ناوچەی ئالانی شاری بە بارەوە دەستیان بە سەردا گیرا.
بەپێی بەندی ئەلفی مادەی ٢ی یاسای قاچاخ، ئەگەر کەلوپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە ١ میلیۆن تمەن کەمتر بێ هیچ سزایەکی نیە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلوپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵی دەگرن لەو ڕێژەیە کەمترە کە ئەو سزایە بیانگرێتەوە، بۆیە دەبێ تەنیا کەلوپەلەکانیان دەستی بەسەردا بگیردرێ.
شایانی باسە پیشەی کۆڵبەری و کاسبی کردن تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام ڕۆژانە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سووکایەتیان پێ دەکرێ و زۆر جاریش لەلایەن ئەو هێزانەوە دەکوژرێن یان بریندار دەکرێن.











