پاسدار یه‌حیا ڕه‌حیم سه‌فه‌وی، ڕاوێژكاری باڵای ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌ڵێ، ئا‌مریكا تا ساڵی‌٢٠٢٥ لاواز ده‌بێ و ئیسراییلیش نابوود ده‌بێ.
ڕه‌حیم سه‌فه‌وی ڕۆژی ڕابردوو له ئیسفه‌هان قسه‌ی ده‌كرد گوتی، دۆتاڵد ترامپ، بێ ئاقڵ و هیچ نه‌زانه. هێشتا ئه‌وه نازانێ كه ئێمه به هاوكاریی چین و ڕووسیه تا ساڵی ٢٠٢٥ ئه‌و وڵاته لاواز ده‌كه‌ین و ئیسراییلیش له ڕێگه‌ی حیزبۆڵای لوبنانه‌وه ده‌فه‌وتێنین.
هه‌روه‌ها ڕاوێژكاری باڵای عه‌لی خامنه‌یی زۆر به خۆشبینییه‌وه گوتی، حه‌شیمه‌تی موسڵمانی فه‌له‌ستین تا ساڵی ٢٠٢٥ له جووله‌كه‌كان زیاتر ده‌بێ و ئه‌و ڕێژیمه هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه.
یه‌حیا ڕه‌حیم سه‌فه‌وی وێڕای ئاماژه به قسه‌كانی خومه‌ینی كه گوتبووی، “ڕێگه‌ی قودس له كه‌ربه‌لاوه ده‌بێ،” گوتی، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه له فه‌وتانی ئیسراییل ڕێگه‌ی حه‌ره‌م ده‌كرێته‌وه.
ئه‌وه یه‌كه‌م جار نیه كه كاربه‌ده‌ستانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران بیر له نابوودیی ئیسراییل ده‌كه‌نه‌وه. گه‌ڵاڵه‌ی فه‌وتانی ئیسراییل و سرینه‌وه‌ی له نه‌خشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا خه‌ونی له مێژینه‌ی ئه‌و وڵاته‌یه و هه‌روه‌ها ئیسراییلیش به‌رده‌وام له ڕێگه‌ی وڵاتانی بیانییه‌وه فشار بۆ ئه‌و وڵاته دێنێ.
له لایه‌كی دیكه‌ش ئیسراییل له‌وه نیگه‌رانه كه پاش ڕووخانی داعش كۆماری ئیسلامیی ئێران له ناوچه‌دا ئه‌سپی خۆی تین بدا.