شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە تەواوی میلیتارزیزە کراون.
دوو رۆژ دوای بەڕێوەچوونی چیژنی گشتپرسی و پاڵپشتی کردنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە شاروناوچەکانی رۆژهەڵات بە تەواوی میلیتاریزە کراون و هێزە ئەمنییەکان دەستیان داوە بە ڕەشبگیری و تائێستا دەیان کەس لە چالاکانی مەدەنی دەسبەسەر کراون.
لە شارەکانی سنەو سەقز و بانە، چەندین کەس لە چالاکانی مەدەنی بە تاوانی ڕێکخستن و هاندانی خەڵک بۆ هاتنە سەر شەقام و ئاهەنگ گێڕان، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان دەسبەسەر و لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد و پیرانشاریش بە دەیان کەسی دیکە لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە هەڕەشەیان لێکراوەو یان بانگ کراون بۆ ئیدارەی ئیتڵاعات.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە رۆژی ڕابردوو هێزێکی زۆر بە نێو شارەکانی سنەو بانە بۆ چاوترساندنی خەڵک مانۆریان داوەو هەروەها هێڵی پێوەندی گرتنی موبایل و ئینتیڕنت لە شارەکانی رۆژهەڵات لاواز و بۆ چەند کاتژمێژ هێڵی ئینتڕنیت دادەخرێ.
هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد ڕایگەیاند: کە بەشێکی زۆر لە چالاکانی مەدەنیی مەهاباد بانگی ناوەندە ئەمنییەکان کراون و هەڕەشەیان لێی کراوە، بەتایبەتی چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
رۆژی ڕابردوو لە چەند شاری رۆژهەڵات بڕیار بوو بە بیانووی سەرکەوتنی ڕێفڕاندۆم لە باشووری کوردستان دیسان خەڵک لە شوێنە گشتییەکان کۆببنەوە کە رێژم بە مۆڵدانی هێزێکی زۆر لە شارەکانی کوردستان و ڕەشبگیری و هەڕەشە کردن هەوڵی پێشگرتنی گرت ، بەڵام لە شاری سەقز و بانە تێکهەڵچوون و گرژیی لە نێوانی خەڵک و هێزە ئەمنییەکان ڕووی دا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە کوردستان وکورد گەیشتووە بە هۆی ڕووداوەکانی دوو رۆژی ڕابردوو لە باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان چەندین بەرپرسی سپا و هیزە ئەمنیەکان گەیشتوونەتە رۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی کۆنترۆڵ کردنی دۆخەکە.
شایانی باسە ئێوارەی رۆژی دووشەممە هاوکات لە گەڵ بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە باشووری کوردستان ، خەڵکێکی زۆر لە شارەکانی ، بانە، سنە، سەقز، سەردەشت، بۆکان، مەهاباد، پیرانشار و ناوچەکانی دیکە ڕژانە سەر شەقام و کردیان بە بیانووی خۆ نواندنی نەتەوەیی و دروشم شۆڕشگێرانەیان سەردا.
هەر لەو پێوەندییەدا تێکهەڵچوونی توند لە نێوان خەڵک و هێزەکانی دژە شۆڕشی ئێران لە بۆکان روویداوە. لە فەلەکەی فەرمانداری و شەقامەکانی دەوروبەری هێرشکراوەتە سەر کۆبوونەوەی خەڵک و تەقە لە خەڵک کراوە و بە باتوم شوشەی دەیان ماشێنیان شکاندووەو ، ژن و پیاوێکی زۆر دەستبەسەر کراون و لە کاتژمێری چواری ئێوارەی رۆژی سێ شەممە تا بەیانی ئەمرۆ چوارشەممە ٥ی ڕەزبەر هێڵی ئینتیڕنت و پێوەندی تەلەفۆن پچڕابوون.
شایانی باسە تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە زۆربەی شوێنە گشتییەکانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێرچاوەدێری توندی ئەمنیەتی دایەو ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە هاتنە سەر شەقامی دووبارەی خەڵک ترساون و ئەمەش لە کاتێکدایە کە چالاکانی مەدەنی وڕێکخەرانی جێژنی گشتپرسی و خەڵکی بەشدار بە شێوەی مەدەنییانە شایی و ئاهەنگیان گێڕا.











