بە هۆی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ماشینی کاسبکارێکی کورد ، وەرگەڕا و شۆفیری ماشینەکەش گیانی لە دەست دا.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان، هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێگیر لە پاسگای گوندی “حەسەن سالاران”ی شاری سەقز تەقەیان لە ماشینی کاسبکارێکی کورد بە ناوی “دانا عێراقی” کرد و لە ئاکامی ڕاودوونانەدا ماشێنی ئەو کاسبکارە لە نزیک گوندی “قشلاقی پرد” وەرگەڕا و شۆفیری ماشینەکەش گیانی لە دەست دا.
زۆر جاران هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم بە گومانی پێبوونی شتومەکی قاچاغ بە دوای ماشینی ئەو کاسبکارە کوردە کەوتوون و تەقەیان لێ کردوون.
هەرلەو پێوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانان، چەند ماشێنێکی کاسبکارانی کورد، لە جادەی مەهاباد ـ نەغەدە دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکان و لە ئەنجامی ئەو ڕاودوونانەدا ماشینی یەکێک لە کاسبکاران تووشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبێ و کاسبکارێ بە ناوی حوسێن مێهدیزادە خەڵکی شاری مەهاباد لە نزیک گوندی ئاڵبڵاغ گیانی لە دەست دا.











