ژمارەیەک لە چالاکانی خوێندکاریی زانکۆی ڕازی شاری کرماشان، بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان پیرۆزباییان لە هەموو نەتەوەی کورد و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان، ژمارەیەک لە چالاکانی خوێندکاری کورد، لە زانکۆی ڕازی شاری کرماشان، لە پێوەندیی لەگەڵ ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.
لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوە هاتووە: “بە نایاسایی زانینی ڕێفراندۆمی کوردستان پێش ئەوەیکە تاوانێکی گاڵتەجاڕی بێ، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەمانە کۆمەڵە کەسانێکن، کە لە مێژوو و ئەو نەهامەتییانەی کە بە سەر کوردەکاندا هاتووە، بێئاگا و ناشارەزان.
لە درێژەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە “ئێمە وەکوو چالاکانی خوێندکاریی لە زانکۆی ڕازی شاری کرماشان، ئەم بڕیارەی هاووڵاتییانی هەڕێمی کوردستان بە سەرچاوەگرتووی لە مافی ڕەوای نەتەوەی کورد لە عێراق لە دیاری کردنی مافی چارەی خۆنووسین و ئاکامی سروشتی بە هۆی ڕەوتێکی دوور و درێژی چەوساندنەوە و سەرنج دان بە داواکارییەکانی نەتەوەیی کورد لە عێراق ناوەزەد دەکەین”.
هەروەها چاودێرێکی ئێرانی، کە چاودێریی پرۆسەی دەنگدانی هاووڵاتییانی کوردستانی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی کردووە، رایدەگەیەنێ، پرۆسەی دەنگدانەکە ”پاکترین دەنگدان“ی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو.
رەزا دیقەتی، وێنەگری رۆژنامەنووسیی ناوداری ئێرانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی “ئیران وایر”، رایگەیاندووە، بەو مەرجە داوای حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی قبوڵ کردووە، کە ئازاد بێ و خۆی شوێن و ناوچەکانی چاودێریکردنە هەڵبژێرێ و بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش رازی بوون.











