کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی باڵای ئێران ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر ئەو ڕیفراندۆمەی ڕۆژی دووشەممە بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان و ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکان بەڕێوەچوو دەربڕیوە.
عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی ئێران گوتویەتی ئەگەربێتو هەرێمی کوردستان سەربەخۆ ببێ، ئەوا گرژیـیەکی نوێ لە ناوچەکە دروست دەبێ و ئەوەش ئیسرائیل پێی خۆشحاڵ دەبێ.
هاوکات عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوەڵەتی گوتی، ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق نایاسایییە و هیچ بەهایەکی نییە و ئەنجامی باشی لێناکەوێتەوە.
لە لایەکی دیکە ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگری ئێران ڕۆژی ڕابردوو لە وەزارەتەکەی لە تاران پـێشوازی لە ڕەزا هاکان تەکین باڵیۆزی تورکیە کرد و پـێکەوە تاووتوێی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانیان کرد کە جێی بایەخی هەردوو وڵات بوو.
حاتەمی نیگەرانی وڵاتەکەی لە بەرامبەر ڕیفراندۆمەکە دەربڕی و گوتی، ئێران لە دژی هەر کارێکە ببێتە مایەی گۆڕانکاری لە سنووری وڵاتانی ناوچەکە. هیواشی خواست هەرێمی کوردستان بڕیاری یەکلایەنە نەداتەوە کە پـێچەوانەی دەسـتوری عێراق بێ.
هەروەها محەممەد باقری سەرۆکی ستادی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش ڕەخنەی لە هەرێم گرت و گوتی، ئیسرائیل و ئامریکا لە پشت ئەم ڕیفراندۆمەی هەرێمی کوردستان بوون.
هەر لەو پێوەندییەدا زۆربەی ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتییان دەربڕی بە نووسینی سەردێڕی دژی هەرێمی کوردستان بێزاریی خۆیان دەربڕی.