کچانی ئاوایی شیناوێی پیرانشار دوای ٥ ساڵ هێشتا چارەسەری پزیشکییان بۆ نەکراوە.
بەپێی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان ئەو کچانە کە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی پۆلەکەیان گڕی گرت و سووتان لەساڵی ١٣٩١-ەوە تا ئەمرۆ ٥ ساڵ تێدەپەڕێ بەڵام ڕەوەندی چارەسەریان بێئاکام بووە. لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی “ئینقلابی ئیسلامی” شیناوێ ٢٤ قوتابی تووشی سووتان بوون بەڵام ڕێژەی سووتانی ١٣ کچیان کاریگەرتر بوو.
بەپێی هەمان سەرچاوە ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕەزبەری لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە هۆکارەکانی بە ئاکام نەگەیشتنی دەرمان و چارەسەری کچانی شیناوێ کردووە.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لەدوای ئەم ڕووداوە هەواڵی سۆزوپەیمانگەلێکی زۆر لەهەمبەر پشتیوانی ماڵی لەبەرەو پێش چوونی چارەسەر و دەرمان کردنی ئەم کچانە بڵاوبووەتەوە. لەدوایین کاردانەوە دا وەزیری پەروەردە “بەتحایی” لە 15ی خەرمانانی ئەمساڵدا لاسار ئەم ڕووداوە وتی،” بەردەوامین لە بەدواداچوونی ئەم بابەتەو بڕێکی بەرچاو بوودجەی بۆ تەرخان داکرێ”.
لە لایەکی تریشەوە “ڕەسووڵ خزری”نوێنەری سەردەشت و پیرانشار، لە ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە مەجلیسدا باسی لە تەرخانکرانی بڕی 7 میلیار تمەن بۆ چارەسەرو دەرمانی کچانی شیناوێ کرد.
سەرەڕای ئەم لێدوان و بڵاوکراوانە دکتۆری چارەسەرکەری ئەم کچانە دەڵێ: تا ئێستا وادە و بەڵێنییەکان نەچونەتە بواری کردەوەو هەر وەک قسە ماونەتەوە.”محەممەد جەواد فاتمی” لە هەمبەر چۆنێتی بەرەوپێش چوون و چارەسەری دەرمانی کچانی شیناوێ گوتی، تێچووی دەرمانی کچانی شیناوێ لەلایەن نەخۆشخانەی “فاتمەی تاران” تەرخاندەکرێ و ئەم نەخۆشخانەیەش پارەی چارەسەریی ئەو کچانە لە بیمەکان وەردەگرتەوە. بڕیار وابوو ئەم کچانە لەژێر چاوەدێری تایبەتی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی تەندرووستی دابن، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاوڕێکییان لەم دۆسییە نەداوەتەوە.
هەروەها شایەنی باسە لە پارێزگای ورمێ تا ئێستاش هەزارو٧٠٠ پۆلی کانێکسی بوونیان هەیە.