بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، چوار بەندکراویان بە مەبەستی بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدام بۆ ژووری تاکەکەسی گواستنەوە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕەزبەر، چوار بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ بە ناوەکانی “قادر محەممەد حەسەن خەڵکی بۆکان، نایەب عەباسپوور خەڵکی ورمێ، جەواد خەیری و موسلێم تەمەرخان” بە مەبەستی بەڕێوەبردنی حوکم ئێعدام بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراونەتەوە.
ئەو چوار زیندانییە لە بەندەکانی”٣و٤”، “١٥ و٢” بەندی ڕەوان دەرمانی بوون.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران لەو بارەیەوە بڵاویانکردەوە، جەواد خەیری و نایەب عەباسپوور، کە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بە “قەساسی نەفس” بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزراون.
جەواد خەیری بە تۆمەتی ماددەی سڕکەر و کوشتنی بەئەنقەست دەسبەسەر کرابوو، ماوەیەک پێش حوکمەکەی ناوبراو لە لایەن دەزگای قەزاییەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا، بەڵام بڕیارە بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست ئێعدام بکرێ.
گواستنەوەی ئەو زیندانییانە بۆ ژووری تاکەکەسی بە مەبەستی ئێعدام کردنیان، لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیم و کاربەدەستانی زیندان لە مانگی موحەڕەم “محرم” لە ئێعدامکردنی هاووڵاتییان خۆیان دەپارێزن.











