بە پێی هەواڵەکان خەڵکی شارەکانی سنەو بانە ڕژاوەنەتە سەر شەقام و سەرەڕای دۆخی ئەمنیەتی جیژنی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستانیان دەسپێکرد.
لە شاری سنە، خەڵک بە کۆبوونەوە لە شەقامی فیردەوسی لە هەوڵی بەڕێوەبردنی جێژنی ڕاپرسی باشووری کوردستانن ، کە هێزە ئەمنییەکان بەشێوەی بەربڵاو رێگرییان لێدەکەن و لە یەکەم چرکەکانی رۆژی دووشەممە هێزێکی زۆر لە گاردی تایبەت و لیباس شەخسییەکان ئەو شارەیان تەنیوە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن لە نێوان خەڵکی شاری سنەو هێزە ئەمنییەکان گرژیی وئاڵۆزیی رووی داوە.
هەروەها لە شاری بانە خەڵکێکی فراوان بەرەو فۆلکەی مروەتی بەڕێکەوتوون و دەیانهەوێ جێژنی گشتپرسی بەڕێوەببەن.
شایانی باسە لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ٣ی ڕەزبەر لە شاری بانەو سەردەشت و سنە چالاکانی مەدەنی بۆ پاڵشتی کردن لە باشووری کوردستان ، لە نێوخەڵک شیرینییان بڵاو کردووتەوە.