دووکەس لە چالاکانی مەدەنی گەورە شاری کرماشان پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ٣ی ڕەزبەر کە هاوکاتە لەگەل بەڕێوەچوونی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە کاتێک لە نێو خەڵکی سەرشەقام و بازاڕی کرماشان شیرینییان بڵاو کردووتەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دسبەسەر کراون.
بە پێی ئەو زانیارییانەی بە کوردستان وکورد ماڵپەڕی فەرمی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە، سەرلەبەیانیی ئەمرۆ دووشەممە هیزە ئەمنییەکان لە زۆربەی شاروناوچەکانی رۆژهەلاتی کوردستان رێوشوێنی توندی ئەمنییەتییان گرتووتەبەر و لە شاری مەهاباد و بۆکانیش چەندین کەس دەسبەسەر و چەندین کەسی دیکەش بانگکراون بۆ ئیدارەی ئیتڵاعات.
هەر لەو پێوەندییەدا لە نێو شاری بانەش، چالاکانی مەدەنی و تێکۆشەرانی کوردپەروەر لە نێو خەڵک نوقڵ و شیرینییان بڵاو کردووتەوە.
شایانی باسە سەرەڕای زاڵبوونی کەشی ئەمنی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە گەرمی پێشوازییان لە رۆژی بەڕێوەچوونی ڕێفڕاندۆمی باشووری کوردستان کردووە.
بڕیارە لەسەر بانگەوازی چالاکانی مەدەنی ئێوارە کاتژمێر ٥ لە شارەکانی رۆژهەڵات جێژنی گشتپرسی بەڕێوەبچێ.