لە هەڵوێستێکی هاوبەشدا تێکۆشەرانی هەر دوو بەشی حیزبی دێموکرات لە شاری بانە بە هەڵگرتنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان پشتیوانیی خۆیان لە رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان دەربڕی. لە درێژەی پشتیوانیی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رێفراندۆمەکەی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی، شەوی یەکشەممە لە سەر دووشەممە ٢٥ی مانگی زایینی، کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری بانە بە هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان و بەدەستەوەگرتنی پلاکارتی تایبەت، پشتیوانیی خۆیان لەم پرسە چارەنووسسازەی خوشک و براکانیان لە باشووی وڵات دەربڕی. تێکۆشەرانی دێموکرات بە بەرزکردنەوەی درووشمەکانی؛ “بەڵێ بۆ سەربەخۆیی” و “جێژنی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە رۆژهەڵات بەڕێوە دەچێ” و هەڵگرتنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان چالاکیی تەبلیغییان نواند و داوایان لە خەڵکی شارو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کورستان کردوە کە بە بۆنەی بەڕێوەچوونی رێفراندۆمەکەی باشووری کوردستانەوە چێژن بگرن.