بەشێک لە چالاکان و تێکۆشەرانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە پێکێهانی کەمپەینێکی بەربڵاو لە ژێر ناوی کەمپەینی “جێژنی گشتپرسی”
دەنگی زۆرێک لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیان بۆ پشتیوانی کردن لە ڕێفڕاندۆمی باشووری کوردستان کۆکردوتەوە.
کەمپەینی چیژنی ڕێفڕاندۆم بە چەندین مەبەستی گرینگ و نەتەوەیی پێکهاتووە و داوای لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە کە رۆژی دووشەممە ٣ی ڕەزبەر بکەن بە جێژن و شەقام و گۆڕەپانەکانی شارو ناوچەکانی کوردستان بکەن بە مەیدانی خۆنواندن و پشتگیری کردن لە ڕاپرسی خەڵکی باشووری کوردستان.
لەوپیوەندییەدا یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کەمپەینی جێژنی گشتپرسی کوردستان لە لێدوانێکدا بە کوردستان وکورد ماڵپەڕی فەرمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند؛ کە مەبەستی سەرەکیی لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی ئەو کەمپەینە پشتیوانی کردن لە خەڵکی باشووری کوردستان و مەحکوومکردنی هەڕەشە و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو بەشە لە کوردستانە.
هەروەها ئەو چالاکە مەدەنییە لە بەشێک قسەکانیدا وتی:بەرزکردنی ورەی نەتەوەیی خەڵک و هێنانە ئارای ویست و داخوازییەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگای مەدەنییانەوە، لە ئامانجەکانی دیکە کەمپەینی چێژنی گشتپرسی باشووری کوردستانە.
هەروەها لە درێژی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە وەکوو چالاکانی مەدەنی و ڕێکخەری ئەو کەمپەینە بە لە بەرچاو گرتنی ئەوەی کە ناوەندە ئەمنییەکان وەکوو نەریەتی هەمیشەیی ڕێگەوشوێنی توندی ئەمنییەتییان گرتووتەبەر و خەریکی میلیتاریزەکردنی شارو ناوچەکانی کوردستانن، هەربۆیە ئێمەش لە سێ ڕاگەیاندراوی دەرکراو داوامان کردووە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرچەشنە توندوتیژی خۆیان ببوێرن ، هەتا نەبێتە بیانوویەک بۆ سەرکوت و هێرشی هێزەئەمنییەکان بۆ سەر خەڵک.
شایانی باسە بەڕێوەبەرانی گەورەکەمپەینی جێژنی ڕاپرسی باشووری کوردستان لە سێ ڕاگەیاندراوی تایبەت هاوکات لە گەڵ بانگەشە کردن بۆ بەڕێوەبردنی جێژنی ڕێفراندۆم بۆسەربەخۆیی کوردستان ، داوایان لە خەڵکی سەرجەم شاروناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردوە کە بە شێوەی مەدەنییانە لەو جێژنە بەشداریی بکەن.
لە ڕاگەیاندراوەکانی کەمپەینی چیژنی گشتپرسی هاتووە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی دووشەممە کاتژمێر ٥ی ئێوارە بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردیی و هەڵگرتنی هێما نەتەوەییەکان بەهەر جۆرێک کە پێیان دەکرێ، لە گەل بنەماڵەکانیان لە مەیدان و شەقامەکانی شارو گوندەکان کۆببنەوەو بە یەکریزییەوە ئێوارەی دووشەممە رۆژی ڕێفڕاندۆم بکەن بە جێژنی نەتەوەیی.
شایانی باسە تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نزیک بە ٢٠هەزارکەس لە خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لەو کەمپەینەدا بەشدارن.