دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢١ی سپتامبری ٢٠١٧ لەسەر بانگهێشتی رایەڵکەی ” سیاسەتی پێچەوانە بۆ دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە ئێران” بە هاوکاریی رێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، لە پارلمانی سوئێد، کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی نوێنەری حیزبەکانی: سوسیال دێموکرات، مودیرات، چەپ، لیبڕاڵەکان، مەسیحییە دێموکراتەکان، پارتی ژینگە و نوێنەری سەندیکاکانی کرێکاریی لە هەردوو بەشی راگوێزتن و ئاسن، هەواڵنێرانی بێ سنوور و هەروەها ”ویدا مێهران نیا” خێزانی زیندانی سیاسی نیشتەجێی سوئێد ئەحمەد رەزا جەلالی دوکتور و لێکۆڵەر، لە یەکێک لە ژوورەکانی پارلمانی سوئێد پێکهات.
کۆبوونەوەکە بە وتەیەکی کورتی خاتوو” ئامینە کاکەباوە” و رێزدار ” ئاڕنە رووت” سەرنووسەری پێشووی رۆژنامەی هەواڵەکانی رۆژ لە بەشی کولتور، دەستی پێکرد. ئارنە لە قسەکانیدا باسی هەلومەرجی نالەباری زیندانیانی سیاسی لە ئێران کرد و رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران گرت کە مافی زیندانییە سیاسییەکان، کەمینە نەتەوەییەکان و باقی چین و توێژەکانی وڵات پێشێل دەکرێت.
دواتر نوێنەری هەرکام لە حیزبە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە رەخنەی خۆیان لە رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران گرت و هەروەها داوایان لە حکومەتی سوئێد کرد، ئەگەر رژێمی ئێران ئاڵوگۆڕ بەسەر وەزعی نالەباری زیندانیانی سیاسی و مافەکانی مرۆڤ نەهێنێ، رێککەوتننامەی بازرگانیی نێوانیان چاوی پێدا بخشێتەوە و تەنانەت هەڵوەشێتەوە.
وەفدی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەبەشێکی باسەکاندا کوژرانی رۆژانەی کۆڵبەرانی کورد، پێشێلکرانی مافەکانی نەتەوەی کورد لە لایەن رژێمی ئێرانەوەی وەبیر بەشدار بوان هێناوە و خوازیاری مەحکووم کردنی رژێم بوون.
وەفدی حیزب لەو کۆبوونەوەدا پێک هاتبوو لە هاوڕێیان کەماڵ گروێسی بەرپرسی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان و ئارێز رەمەزانی بەرپرسی پەیوەندییە سویدییەکانی کومیتە.