کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچەی هەوارمان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران برینداربوو.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “فەرزاد قادری” خەڵکی گوندی “نێسانە” سەر بە شاری نەوسوود لە ناوچەی هەورامان، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شوێنێک بە ناوی “قەڵاگا” بە سەختی بریندار بوو.
ئەو کۆڵبەرە کوردە بە هۆی بەرکەوتنی چەند گوللەیەک لە لاقی بە سەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری کرماشان گواستراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم ، لە نزیک گوندی “بێرواس” لە ناوچەی هەورامان دەستیان بە سەر ٧٢ سەر ئەسپی کاسبکاراندا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانن.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەکوچۆڵی قورسیان جێگیر کردووە.
بە قسەی شایەتحاڵەکان، کەشوهەوای ئەمنییەتی باڵی بە سەر شارە سنوورییەکاندا کێشاوە و کۆنتڕۆڵی هاتووچۆی سنوورەکان توندتر بووتەوە.
دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان، ئەم هەوڵەی سپای پاسداران بۆ بەڕێوەچوونی گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەزانن و دەڵێن: “کونتڕۆڵ کردنی هاتووچۆی سنوورەکان و بەرتەسک کردنەوەی هاتووچۆ لە سنوورەکان، کاریگەری نەرێنی لە سەر ژیان و گوزەرانی کۆڵبەران و کاسبکاران دادەنێ”.