ژنانی دووچەرخەسوار لە کەنارەکانی گۆلی زرێبارو ناوچە جیاجیاکانی مەریوان لە لایەن هێزەکانی ڕێژیم بە جلی مەدەنییەوە ڕێگریان لێدەکرێ و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سکاڵای یاسایی لە یەکێک لەو ژنانە کراوە .
بەپێی ناوەندی دێموکڕاسی ومافی مرۆڤی کوردستان، ساڵانە لە وەرزی هاوین و سەرەتای پاییزدا کە ژنانی دووچەرخەسواری مەریوانی بەرەو گۆلی زرێوار دەڕۆن و هەندێک جاریش لەلایەن دامەزراوەکانی مافی ژنان کێبڕکێ بەڕێوە دەچوو وبراوەکان خەڵات دەکران بەڵام لەلایەن پۆلیسی ڕێژیم لەوە شارە ڕێگرییان لێدەکەن تەنانەت لەم دواییانەشدا ژنێک بە ناوی لەیلا موحەممەد زادە لە لایەن پۆلیسەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.
ناوبراو بە تۆمەتی “دنەدان و ورووژاندنی ژنان بۆ پێشێلکردنی بەها ئیسلامیەکان لە ڕێگەی چەرخ لێخوڕین لە شوێنە گشتییەکان” سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.
ناوبراو پێشتر لە بانگەوازیێەکدا گوتبووی: کەسانێک هەن کە لە ڕۆژانی هەڵبژاردندا چاکسازی مافی ژنانیان کردبوو بە بەشێک لە پڕووپاگەندەی بانگەشەکەیان بەڵام بەسەرکەوتنی دووبارەی ڕوحانی هیچ چەشنە گۆڕانکارییەک نەکرا.
شایانی باسە پۆلیسی مەریوان سکاڵای لەسەر ناوبراو تۆمارکردووە، هەروەها پێشتریش چەند قوتابییەکی دواناوەندی (فەرزانگان)ی مەریوان کە چەرخسوارییان کردووە لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم هەڕەشەیان لێکراوە. ئەم هێزانە بە بەردەوامی لە کەنارەکانی گۆلی زرێبار بەمەبەستی ڕێگریکردن لە دووچەرخەسواری ژنان بوونیان هەیە.
پێشتر”مستەفا شێرزادی” پێشنوێژ و گووتارخوێنی مزگەوتی جامعی مەریوان دووچەرخەسواری ژنان لە شوێنە گشتییەکانی بۆ ژنان بە حەرام زانیبوو، و دوابەدوای ئەوە شوێنێک بۆ دووچەرخەسواری ژنان دابین کرا، بەڵام چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە ئەوکارەیان بە جیاوازی ڕەگەزی ودژی مافی ژنان زانی.