ڕەزبەر و پاییز ڕۆژ و وەرزی دەستپێکردنەوەی ساڵێکی دیکەی خوێندنە، قوتابخانە و زانکۆکان دەبنەوە مەیدانی زەماوەندی ڕەنگ و بیر و هزرەکان. زەماوەندی بیر و هزر و پلۆرالیزمی ڕەنگەکان موڵکی کولتووریی کۆمەڵگایە و مخابن دەسەڵاتی فاشیستیی ئێران لە سترۆکتۆر و ساختار و یاسای بنچینەیی خۆیدا ئەوەی نەیخوێندبێتەوە ئەو هارمۆنییە سروشتییەیە کە ئارمانجی ساغبوونەوەی مرۆڤەکانە بۆ دروستکردنی ژیان لەگەڵ یەکتر و ئافراندنی ژیانێکی شایستە بۆ کۆمەڵ.
زانستگا ناوەندی بەرهەمهێنانی زانست و مەعریفەیە و لەوێدا هیواکان بۆ گەشە و نەشەی کۆمەڵگا و ژیانی سیاسی و چاندی و ئابووریی کۆمەڵگا یەکتر دەگرنەوە، لەوێدا چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵ دەبنە خاوەنی نوێنەری ئاکادمیک و لە کۆتایی خۆیدا و لە ژینگەیەکی سیاسی ناساغلەم و دیکتاتۆر لێدراودا زانکۆ بۆیان دەبێتە شاخی خوداپەرەستان و هاواری رزگاری و جاڕی ئازادیخوازیی نەتەوەیەک وئاسمانی رەشی زۆرداری شەق دەکات.
لە وڵاتی جەعلی ئێراندا و لە رۆژهەڵاتی خاک داگیرکراودا ئەو سالانە دەگەڵ ئەوەی کە بە نێو رێفۆرمخوازی ناو کاریکاتۆرەکانی ریفۆرمخوازی دا لە سەر کارن، زانکۆ کەشێکی تەواو پۆلیسی بە سەردا زاڵ کراوە، لە بری دروست بوونی پسپۆڕ و شارەزای کۆمەڵناس، ئابووری زان و دەروونناسی باش سیاسەتی پەروەردەیی حاکمیەت بە تایبەت لە جوغرافیای نەتەوەی سەردەستدا پەرەی بە دروست کردنی مۆدێلێک لە تاکی زانکۆیی گرێدراو بە خۆی داوەو پڕۆژەی بە بەسیج کردنی خوێندکاری بە خەرج کردنی سەرمایەی ژیانی کۆمەڵگا و سەروەت و سامانە گشتییەکانی وڵات بەرەوپێش بردووە.
گۆڤارە زەردەکانی حیزبوڵڵاهیەکان هەر ڕۆژەو ژمارەی نوێیان لێ بڵاو دەبێتەوەو خوێندکاری خاوەن بیر و ئازادیخوازیش لە گرتووخانە پەلاماری شکۆ و کەرامەتی دەدرێ و بەکارەتی دەشکێندرێت.
ئازادیخوازی وەک ئەتیکێتێکی ئەخلاقی – ئینسانی دەبێتە سووژەیەکی حەرامکراوی دینی و بە ئایەت و نیشانەوە کوشتنی تێئۆریزە دەکرێت، مافی نەتەوەیی و دێمۆکراسی هەروەک چۆن خومەینی بە دیاردەیەکی ڕۆژئاوایی پێناسە دەکردن، هەر بەو چاوەوە چاویان لێ دەکرێ و ورووژاندنیان لە لایەن خوێندکارانی دەروەست و بەرپرسیاری کورد و نەتەوەو ئەتنیکەکانی دیکەی ئێرانهەروا دەرز دەخاتە ئەو کەلێنانەی ئەوڕۆ و سبەی دەبن بە گوسەلی بوومەلەرزە و ئەو یەکە جوغرافیاییە لە بەر یەک هەڵدەتەکێنن و ئەمنیەتی نەتەوەیی دەخەنە مەترسی و بیری جیایی خوازییان لێ شین دەبێتەوە.
لەشکری بێکارانی زانکۆ دیتووی کورد سەر لە ئیسفەهان و هەشتەرۆ و تەورێز و ئەردەوێڵ دەردێنن و لە بڕی هەوڵدان بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمی چەندین ساڵەی خوێندنیان لە ڕێگایەکی دروست و شایانی ئەو هەموو ماندووبوونە خوێندکارییەیان ببیننەوە، دەبێ بەرهەمی کشتووکاڵی خەڵک دروێنە کەن و لەسەر سنوورە دەستکردەکانی کوردستان لەگەڵ فیشەک و مەرمی پاسدارانی تێرۆریست قەرەقەرێنێ بکەن.
لە لایەکی دیکەوە پەرەپێدانی بێ بەرنامە و گەڵاڵەداڕێژراوی نازانستیی زانکۆ و ناوەندە زانستییەکان، چینێکی زانکۆ دیتووی نەخوێندەواری بەرهەم هێناوە کە بێجگە لە لەبەرکردن و فٶڕمۆڵ حەل کردن هیچ شتێکی دیکەیان لێ شین نابێ و دەبنە سەرچاوەی قەیران خوڵقێنی و تێکدانی واتای راستەقینەی چەمکی خوێندکار کە ئەوەش بێ گومان ئامانجی دەسەڵاتە.
لە وەها باروودۆخێکدا یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد بۆ بەربەرەکانێ دەگەڵ هەڵاواردنی رەگەزی لە نێو زانکۆکاندا، بۆ پەرەپێدان بە ڕوحی نیشتمان پەروەری و ئازادیخوازی و هاوکار بوون بۆ ڕەوتی دێمۆکراتیزاسیۆنی جەوهەریی کۆمەڵگا و کار کردن بۆ هاتنە سەر کاری سیستەمێکی دێمۆکراتیک،بانگی تێکۆشان ڕوو لە ئێوە خوێندکارانی کورد و خوێندکارانی سەرجەم نەتەوە ژێردەستەکانی دیکەی ئێران بەرز دەکاتەوەو پێتان رادەگەیەنێ قۆناغ، قۆناغی بووژانەوەیە و سەردەم، سەردەمی بە ئاوات گەیشتنی گەلەکەمانە و لەو پێڤاژۆ مێژووییەدا با گوڕ بە تێکۆشان و چالاکییەکانمان بدەین.
ئێمە دروشم نادەین و بە چالاکیی جۆربەجۆر زیندووبوونی بیروڕای گشتیی کوردستان و فەزای ئەندێشەیی و ژیانیی خوێندکاری کورد دەسەلمێنین.
سەرکەوێ تێکۆشانی خوێندکاریی خوێندکارانی کوردستان و ئازادیخوازانی ئێران
وەدی بێت ئاواتەکانی شەهید سمایلی شەرفزادە سەمبول و سیمای دیاری بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردستان
یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد
١ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی