جووڵانەوەی چەکداریی ساڵانی ٤٧_٤٦ لە دوای ڕووخانی کۆمار هەناسەیەک بوو بە بەری خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا کرایەوە. لەو قۆناغە پڕشنگدارەی خەباتی گەلی کورد لە ئێران ئەگەرچی بەداخەوە پۆلێكی ٣٨كەسی لە تێكوشەرانی کورد کە مەلا ئاوارە یەک لەوان بوو، گیانیان فیدای ڕزگاریی گەل و نیشتمانەكەیان كرد، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم شۆڕشە بوو بە هۆی پەیمان نوێكردنەوەی خەڵكی ڕۆژهەڵات لەگەڵ جووڵانەوەكەیان و بووژاندەوە و ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە.
لە ساڵی ١٣١٣ی هەتاوی لە گوندی شەڵماشی سەر بە شاری سەردەشت لە بنەماڵەی مامۆستایەکی زانا و نیشتمانپەروەر، کوڕێکی چاوگەش چاوی بە دنیا هەڵێنا و مامۆستا محەمەد ئەمینی باوکی ناوی لێنا ئەحمەد.
ئەحمەد لە گوندێکی بێ قوتابخانە و بە دوور لە هەموو مافێکی سەرەتایی، پێی گرت و تەمەنی بەرەو شەش حەوت ساڵان هەڵکشا، لەبەر ئەوەی لە بنەماڵەیەکی خوێندەواردا لە دایك ببوو، زۆر ئاسایی بوو کە ببێتە قوتابییەکی باوکی و دوای خوێندنی نامێلکە سەرەتاییەکان، قەوانی فەقێیەتی لە شان کرد و چووە نێو جەرگەی فەقێیان و، لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی تر و، لە حوجرەیەکەوە بۆ حوجرەیەکی دی، زۆر شوێن و ناوچەی کوردستان گەڕا و وەکوو فەقێیەکی زۆر زیرەک خوێندی. مەلا ئەحمەد پێش ئەوەی خوێندنی مەلایەتی تەواو بکا وازى له خوێندن هێنا و رووى کرده کار و کاسبى و خه‌ریکى کڕین و فرۆشتنى تووتن بوو، ئه‌ویش تووتن و تووتنەوانی که بۆخۆى له شیعرى «هاوارى تووتنه‌وانێکى ناوچه‌ى سه‌رده‌شت»دا له هه‌موو که‌س باشترى ناسیوه و ناساندوه.
مەلا ئەحمەد، مرۆڤێکی ھێژا، ئاگا، دیندار، خاوەن ھەستی نەتەوایەتی و خەڵکدۆست بوو، کە ھەر لە سەردەمی فەقێیەتی و خوێندنی لە حوجرەی شار و گوندەکانی کوردستان، هەستی بە نابەرامبەری و بێ حاڵ و باڵی دڵتەزێنی ژێردەستان و، زۆرداری و خەڵک رووتاندنەوەی دەسەڵاتداران کرد و ئازاری گەلەکەی بوو بە خرۆکەیەک و چووە نێو خوێنی، وابوو کە چەکی مەردایەتی کردە شان و شەو و ڕۆژی خستە سەر یەک بۆ ڕزگاری گەلەکەی لە کەمدەستی و ژێر دەستەیی و نەھێشتنی ئەو نابەرابەریانە.
مەلا ئەحمەد، دوای ئەوەی بوو بە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بەبێ گرنگیدان بە پلە و پایە، قورسترین ئەرکەکانی وە ئەستۆ دەگرت و بە باشترین شێوەی گونجاو ڕای دەپەڕاندن. ئەو لە ساڵی ١٣٤٠ی هەتاویدا لە لایەن سیخوڕەکانی ڕێژێمی پاشایەتی ئاشکرا کرا و ئەویش بە ناچاری ڕوو لە باشووری کوردستان کرد و لەوێ لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێ حیزبییەکانی سەرقاڵی ڕێکخستنەوە و بووژاندنەوەی ڕیزەکانی حیزب بوو. هەر ئەو کاتەش بوو کە نازناوی ئاوارەی بۆ خۆی هەڵبژارد. لە ساڵەکانی ١٣٤٠ بەولاوە، بە نهێنێ گەڕایەوە کوردستانی ئێران، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان نه فه‌قێ بوو نه مه‌لا و نه تووتنکڕ و تووتن فرۆش. ئه‌م جاره کادرى حیزبى دێموکراتى کوردستان بوو. ئه‌ویش چ کادرێک؟ خۆشه‌ویستى هه‌مووان، جێى متمانه‌ى هه‌مووان و میوانى ماڵى هه‌مووان. سه‌یر ئه‌وه بوو هه‌موو کاتێک ئاگاى له رووداوه‌کانى سه‌رانسه‌رى ناوچه‌ى سه‌رده‌شت هه‌بوو. چونکه رایهڵکهیهکى واى پێک هێنابوو که هه‌رچى ڕووى دابایه پێى ده‌گه‌یشته‌وه و لێى خه‌به‌ردار ده‌بوو. زۆربه‌ى زۆریش به تاقى ته‌نیا به خۆى و بڕنۆیهکى درێژ و دوو قه‌د فیشه‌کدانه‌وه ده‌گه‌ڕا.
مەلا ئاوارە هەر تەنیا پێشمەرگە و خۆشەویستی خەڵكی ناوچەكە نەبوو، بەڵكوو وەك شاعیرێكی گەل و نیشتماندۆست، توانی زۆڵم و زۆری دەسەڵاتی زۆردار لە قالبی شێعردا بهۆنێتەوە و لەنێو كۆر و كۆمەلانی خەڵكدا بڵاویان بكاتەوە و خەڵکیان پێ بە ئاگا بێنێتەوە، کە تووتنەوان یەكێك لە شێعرە ھەر بە ناوبانگەكانیەتی.
حیزبی دیموکراتی کوردستان بەداخەوە لەو سەرووبەندەدا بە سەر دوو جەمسەردا دابەش ببوو، یەکێک لەو جەمسەرانە کە لە باشووری کوردستان کەشوهەوای لەباری بۆ چالاکیی سیاسی نەبوو، دواجار بڕیاریان دا کە بگەڕێنەوە نێوخۆ و بە ئاشکرا درێژە بە چالاکیەکانیان بدەن. ئەوان ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی گەڕانەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گیانیان کردەوە بەبەر ئەو ژیلەمۆ دامرکاوەی دوای کۆمار و گەرموگوڕیەکیان دایەوە بە شۆڕش و خەباتی چەکداری و، مەلا ئاوارە یەک لە ڕێبەرانی ئەو جووڵانەوەیە بوو.
رێژیمى پاشایه‌تى به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئەو پۆلە کادر و پێشمەرگەیە، شی‌و و دۆڵ و چیا و چۆلى به جاش و ژاندارم و جاسووس و خۆفرۆش لـێ ته‌نین و که‌وته ڕاونانیان و، ئەوان به ناچار له زۆر جێگا تووشى تێکهڵچوونى چه‌کدارانه بوون. هه‌رچه‌ند ئه‌و ڕاپه‌ڕینه ئاماده نه‌کرابوو و به‌سه‌ر تێکۆشه‌رانى دێموکرات و گه‌لى کورددا سه‌پابوو، به‌ڵام به‌ڕاستى هەم خەڵک و هەم هێزی پێشمەرگە قاره‌مانه‌تییان نواند و حه‌ماسه‌یان خوڵقاند. زۆر جار هێزێکى ده پازده که‌سیى پێشمه‌رگه، له‌گه‌ڵ سه‌دان چه‌کدارى دوژمن به‌ره‌وڕوو ده‌بوون که به تۆپخانه و هێلى کۆپتێر و تازه‌ترین ئامرازی شه‌ڕ چەکدار کرابوو، که‌چى بوێرانه به‌ره‌نگاریان ده‌بوونه‌وه و، زیانى قورسیان له هێزه‌کانى دوژمن ده‌دا و سه‌ربه‌رزانه خۆیان له گه‌مارۆى دوژمن رزگار ده‌کرد. دیاره له‌و شه‌ڕانه‌دا به داخه‌وه پۆلێک له باشترین کادرو پێشمه‌رگه‌کانى دێموکڕاتیش گیانیان له‌ده‌ست دەدا، که هه‌ریه‌که‌یان بۆ بزووتنه‌وه‌ى کورد سه‌رمایه‌یه‌ک بوون و له‌ده‌ستچوونیان به‌ڕاستى خه‌سارێکى گه‌وره بوو.
ساواك و دەزگا سیخوڕییەكانی ڕێژێمی داگیرکەری پەهلەوی، زیاتر لە 5 ساڵ هەوڵیان دەدا كە مەلا ئاوارە بخەنە داوێکەوە، بەڵام هەوڵەكانیان بێ ئەنجام بوون، هەتا ئەوەیکە سەرەنجام بەرپرسانی ئەو كاتی ڕێژیم، دیسانەوە دەستی هاوكاریان بۆ لای خۆفرۆشانی سەرشۆڕی خۆجێی كورد برد و بە پیلانێك خستیانە دا‌و. خه‌ڵک زۆر جار کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان ده‌برده لاى مه‌لا ئاواره که بۆیان چاره‌سه‌ر بکا. بۆ له داوخستنى ئاواره راست له‌و ڕێگایه که‌لک وەرگیرا و مەلا ئاوارە و دوو پێشمەرگەی هاورێی بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی بە ئانقەست دروستکراو بانگ کرانە بۆسەکە. له‌ولاشه‌وه هێزێکى پۆشته و په‌رداخى دوژمن دێتە سەریان و بە دیل گیران.
هێزەکانی ڕێژیم دەسبەجێ مەلا ئاوارەیان بە دەست و پێ بەسراوی بە هەلیکوپتەر بۆ شاری سەردەشت و لە دادگای سەحرایی پادگانی جەڵدیان بە بڕیاری تیمسار ئۆوەیسی سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا.
مەلا ئاوارە دوای 4 مانگ ئەشكەنجەی ڕۆحی و جەستەیی تەنانەت ناوی یەك كەسیشی لە ئەندامانی حیزب و ڕێكخستنەكانی نەدركاند و بەم شێوەیە سەلماندی كە نهێنییەكانی گەل و نیشتمانەكەی بۆ هەتا هەتایە لەنێو دڵیدا بە پارێزراوی دەمێننەوە و، بەم نهێنی پارێزییەش نیشانی دا كە سڵ ناكاتەوە لە مەرگ، ئەویش مەرگێك كە لە پێناو داوا ڕەواكانی گەل بەشخوراوەکەی بێ.
لە کۆتاییدا لە ڕۆژی 11ی مانگی گەلاوێژی ساڵی 1347ی هەتاوی، مەلا ئاوارە لەگەڵ هاوڕێکانی، لە شاری سەردەشت بەدەم بژی کوردستانەوە، گیانیان لە پێناو گەل و نیشتماندا بەخت کرد و چوونە ڕیزی كاروانی نەمرانی حیزب و نیشتیمانەوە.
ڕۆحیان شاد و ڕێگایان پڕ ڕیبوار بێ.
(لە ژمارەی ٧١٠ ی “کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)