یەکیەتیی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان، داوایان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە کە پشتگیریی لە ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بکەن.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان، یەکیەتیی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیندراوێک، داوایان لە بەرپرسانی پلە بەرزی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە، کە سەربەخۆیی بە مافێکی ڕەوای گەلی کورد بزانن.
ئەم یەکیەتییە ئاینیەیانە ڕوو لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەڵێن: هەتا بۆتان دەکرێ هەوڵی یەکڕیزی بدەن و ڕۆحی برایەتی بپارێزن، جا ئەگەر بە هیچ شێوازێک نەیانویست مافەکانتان لە ڕێگەی دۆستانە و خێرخوازی گەلەوە دەستەبەر بکەن، ئەو کات هیچ وڵات و مرۆڤێكی بەویژدان ناتوانێ ڕێگری لە مافی ڕەوای ڕاپرسی بکا.
هەروەها لە درێژەی ئەو ڕاگەیندراوەدا، داوا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوە، کە وەک چەند جارێک لە کاتی ئاوارەیی و کۆڕەویدا بەتایبەت لە شەڕی دژی داعشدا هاریکاری گەلی کوردی باشووریان کردووە و لە لایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە چەند جار سپاسیان لێ کراوە، لەم قۆناغە هەستیارەشدا، لە ڕێگەی دیپلۆماسیەوە بۆ دەستەبەر کردنی مافی خوراوی گەلی کوردستان و ئاشتی دانیان لەگەڵ بەغداد هاوکاری بکەن و ئەگەر بەغدادش وەڵامێکی ئەوتۆی نەدەنەوە، ئەو سەربەخۆییە بە مافی ڕەوای گەلی کورد بزانن و لە پرۆسەی ڕێفراندۆمدا پشتیوانییان لێ بکەن و ناوی خۆیان بۆ هەمیشە لە مێژووی زێڕینی خەباتی ئەو گەلەدا تۆمار بکەن.
هەروەها کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی کوردستانیش بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەکی سەرئاوەڵا ڕوو لە خەڵك و ڕۆشنبیر و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوای پشتگیریان لە ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێـمی کوردستان کردبوو.
شایانی باسە سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی دەوڵەتی عێراق و داواکردنی بۆ وە دواخستنی ڕاپرسی لە لایەن دەوڵەتە جیهانییەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ڕاپرسی بەپێی بەرنامە لە ڕۆژی ٣ی مانگی ڕەزبەر بەڕێوە دەچێ.