ڕۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧ی سپتامبری ٢٠١٧ی زایینی لەبەر دەرگای سەرۆك وەزیرانی بریتانیا کارنەڤالی پشتیوانی لەریفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان بەرێوەچوو.
لە سەر بانگەوازی پێشووی چەندین حیزب و ڕێکخراوی کوردستانیی جێگیر لە وڵاتی بریتانیا، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە سەدان کەس لە کوردستانیانی دانیشتووی ئەو وڵاتە، بە جۆش و خرۆشێکی بێ وێنەوە و بە هەڵکردنی سەدان ئاڵای پیرۆزی کوردستان، کارنەفاڵی پشتیوانی لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان،یان بەڕێوە برد
کوردستانیانی بەشدار بە لەبەر کردنی جل و بەرگی جوان و رەسەنی کوردی و ئاڵای کوردستان لە گەردن و دانی دروشمی جۆراوجۆر بۆ سەربەخۆی کوردستان هەستی خۆیان بەرامبەر بەو بڕیار و هەنگاوە بە جێیەی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لەو کارنەڤاڵە دا کوردستانیانی دانیشتووی بریتانیا ک لە زۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتەوە ڕوویان لە لەندەنی پایتەخت کردبوو، بە خۆپیشاندان و هەڵپەڕکێ و دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان، ڕوو بە کاربەدەست و هاووڵاتیان بریتانیا نیشانیان دا کە کورد لە هەر جێیەکی ئەو جیهانە بێ پشتگیری لە هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی و بە دەوڵەت بوونی کورد ئەکات.
لە بەشێکی دیکە کارنەڤاڵ دا چەندین وتار و لێدوان پێشکەش کران و لەلایەن بەرێوەبەرانی کارنەڤالەکەوە نامەیەک کە بڕیارنامەی بەشدارانی ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییە بوو ئاڕاستەی دەفتەری سەرۆك وەزیرانی بریتانیا کرا.
جێگای ئاماژەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەبریتانیا یەکێك لە ڕێکخەرانی چالاکی ئەم کارنەڤالە بوو و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب بەشداری چالاکانەیان تێدا کرد.
جێگەی ئاماژژەیە کە بەڕێز مەولوود سوارە ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بریتانیا، لە وتووێژێکی ڕاستەوخۆ دا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی کوردستان ٢٤دا، پشتگیری و پشتیوانی حیزب و گەلی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بۆ سەربەخۆیی و بە دەوڵەت بوونی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان دووپات کردەوە.