سەرکۆماری ئامریکا لە یەکەم لێدوانی خۆی لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشی کردە سەر ئێران و گوتی: ئێران پتر لە هەموو کەس لە خەڵکی وڵاتی خۆی دەترسێ.
ڕۆژی ڕابردوو دۆناڵد ترامپ لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکدا ئێرانی بە وڵاتێکی یاخی لەقەڵەم دا کە سەرەڕای هەڕەشە بۆ سەر ئەمنیەتی جیهان، هاوکات فشارێکی زۆری بۆسەر خەڵکی وڵاتەکەی خۆی هێناوە.
سەرکۆماری ئامریکا هاوکات ئەوەشی گوت: “داوا لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین ڕێزی خەڵکی وڵاتەکەی بگرێ، لەبەر ئەوەی کە هەر ئێستا بەتەمای گۆڕانکاری و ڕیفۆرم لە وڵاتەکەیاندان.”
هەروەها دۆناڵد ترامپ ئاماژەی بەوەش کرد کە”هەر ئەم ترسەی حکوومەتی ئیران لە خەڵک بووەتە هۆی ئەوەی کە پێش بە دەست پێڕاگەیشتنی خەڵک بە ئینتێرنێ بگرێ، هاوکات ناڕازییان و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان زیندانی دەکا.”
سەرکۆماری ئامریکا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “دەسەڵاتدارانی تاران لەژێر دەمامک و بانگەشەی دیموکراسیدا سیاسەتی دیکتاتۆری بەکار دەهێنن، ئەوان لەباتی خەرجکردنی داهاتی وڵات بۆ خەڵک، جەماوەرە دەکەنە قوربانی و سامانی وڵات بۆ گرووپەکانی “حەماس و حیزبوڵا ” دەنێرن هەتا هێرش بکەنە سەر وڵاتانی دیکە، بۆیە سامان و داهاتی وڵات هی خەڵکە، بەڵام ئێران بۆ تیرۆریستەکانی لە سووریە و یەمەن خەرج دەکا”.