بە هۆی قەیرانی ئابووری و نەبوونی پارە لە شارەداری شاری بۆکان کرێکارانی ئەو شارەدارییە ماوەی سێ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە.
شارەداری شاری بۆکان سێ مانگە حەقدەستی کرێکارانی ئەو ناوەندە حکوومەتییەی نەداوە و سەرپەرەستی شارەداری بۆکانیش دەڵێ: ئەگەر قانوون ڕێگای پێدابام ، ئەو شارەداریەم هەڵدەوەشاندەوە.
هەروەها عەبدولسەلام موسەووی سەرپەرەستی شارەداری بۆکان دەڵێ: ماوەی دوو ساڵە یەکەکانی خەدەماتی شار بە کەرتی تایبەت دراوە و شارەداری ماوەی ٨ مانگە نەیتوانیوو بەڵێنەکانی خۆی بەرامبەر بە بەڵێندەران جێبەجێ بکا.
بە وتەی سەرپەرەستی شارەداری بۆکان، لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا خاوەنکارەکان بە پارەی خۆیان حەقدەستی کرێکارانی ئەو شارەدارییەیان داوە ، بەڵام ماوەی سێ مانگە خاوەنکاران نەیانتوانیوە حەقدەستی کرێکارانی خەدەماتی شار بدەن.
یەکێک لە کرێکارانی ئەو شارەدارییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ دەڵێ: “ماوەی سێ مانگە پارەمان وەرنەگرتووە و ئەوە لە کاتێکدایە کە لە بەرەبەری کرانەوەی قوتابخانەکان داین و ناتوانین منداڵەکانمان بۆ قوتابخانە ئامادە بکەین.”
هەروەها عەبدوسەلام موسەووی دەڵێ: بارودۆخی ماڵی شارەداری بۆکان زۆر نالەبارە و ئەگەر لە یاسادا پێشبینی کرابێ کە شارەداریش وەکوو شیرکەتەکانی دیکە بتوانێ هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕابگەیەنێ، ڕامدەگەیاند.
شایانی باسە کرێکارانی وەرزی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن خاوەنکارەکانەوە لە پێناوی وەدەست خستنی قازانج و بەرژەوەندی زۆر، تووشی حاڵەتی کەڵکی نابەجێ وەرگرتن لەلایەن خاوەنکارەوە دەبن و بە گشتی هیچ کام لە قانوونەکانی کار ئەو کرێکاران ناگرێتەوە.