سەرۆکی شورای باڵای ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێداونێکدا هەڕەشەی داخستنی سنوورەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکا و دەڵێ، شێوازی بەرەنگاربوونەوەش لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات زۆر جیاوازتر لە جاران دەبێ.
عەلی شەمخانی، بەڕێوەبەری شورای باڵای ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان باسی کرد، ڕوانگەی نوێی بەربەرەکانیمان لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوازێکی تەواو جیاوازتر لە ڕابردوو دەبێ.
هەروەها سەرۆکی شورای بەرزی ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە: “دوای جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق، ئێران لە چوارچێوەی دابینکردنی ئەمنییەتی سنوورە هاوبەشەکانی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ چالاکیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە نێوخۆدا، بە شێوەیەکی تەواو جیاوازتر لە جاران هەڵسووکەوت دەکا”.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند: “ڕێککەوتنە سنوورییەکان تەنیا بە بوونی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق جێبەجێ دەکرێ و جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق بە مانای داخستنی هەموو ڕێگاوبانە سنوورییەکان دەبێ”.
لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی نیزامی و ئەمنییەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەی بەردەوام هەڕەشەیان لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.
شایانی باسە سەرەڕای هەڕەشەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، ڕێبەرانی کورد لەسەر بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا پێداگری دەکەن و دەڵێن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێ.
هەر لە پێوەندی لە گەل کاردانەوەکان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی رێفڕاندۆم لە باشووری کوردستان بەرپرسانی ئەمنی و سیاسی دوو وڵاتی کۆماری ئیسلامی وەدەنگ هاتوون و هەڕەشە لە گەمارۆدانی باشوور و پێش گرتن لە بەڕیوەچوونی ئەو پرسە دەکەن
بە پێی هەواڵی جامی زێڕین تورکیە لە سەرسنوورەکانی باشوور وباکووری کوردستان خەریکی ئەنجامی مانۆڕی سەربازییە.
لە لایەک دیکەش پاڵپشتی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پرسی ڕێفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان رۆژبەدوای رۆژ بەرچاوتر دەبێ.
هەواڵەکان باس لەوەدەکەن بەشێک لە تێکۆشەرانی دێموکرات لە ناوچەی ورمێ و مەهاباد بە بلاوکردنەوەی تراکتی پێوەندیدار بە سەربەخۆیی بەرانبەر بە هەڕەشەکانی نەیارانی گەلی کورد بەتایبەتی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران هەلوێستی نەتەوەییان گرت.