هاوڕێیانی خۆشه‌ویست، میوانه به‌ڕێزه‌کان!
یادکردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام له شه‌هیدان، به‌تایبه‌تی ڕێبه‌رانی شه‌هید، له‌لای ئێمه نه‌ریتێكی چه‌سپاوه. ئه‌مه‌ش ته‌نیا بۆ ڕێزگرتنی سه‌مبولیک له بیره‌وه‌ریی ئه‌وانه نیه که بۆ ڕێبازی خه‌باتی ئێمه بوون به ناسنامه و له‌م رێگایه‌دا ته‌نانه‌ت گیانی خۆیان به‌خشی؛ به‌ڵكوو بۆ ئه‌وه‌شه که به ئاوڕدانه‌وه له‌و رێگایه‌ی ئه‌وان پێیدا هاتن، له‌به‌ر رووناکایی بیری وان و له‌به‌ر شۆقی باوه‌ڕیان له‌و خوێنه‌دا که به ئاسانی وشك نابێته‌وه، چراوگی ده‌ستی درێژه‌ده‌رانی ئه‌م رێگایه دره‌وشاوه‌تر بکه‌ین و ئیراده‌ی خه‌باتگێڕیی گه‌له‌که‌مان پته‌وتر.
ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره ئێمه‌ی هێناوه‌ته‌وه ده‌وری یه‌ك، تێپه‌ڕینی یه‌ک چاره‌گه سه‌ده به سه‌ر شه‌هیدبوونی دوکتور سادقی شه‌ره‌فکه‌ندی، سکرتێری گشتیی حیزبه‌که‌مان و هاوڕێ به‌وه‌جه‌کانی واته کاک فه‌تاحی عه‌بدولی، کاک هومایونی ئه‌رده‌ڵان و تێکۆشه‌ری ئێرانیی دۆستی حیزب نوری دێهکوردیه. ئه‌وان له شهودرهنگانی ڕۆژێكی وه‌ک ئه‌مڕۆ له کاتێكدا له ڕستورانێکی بێرلینی ئاڵمان دانیشتبوون باسی دێموکڕاسی و خه‌ونی ئازادییان ده‌کرد، پیاوکوژه ده‌مامکداره‌کانی کۆماری ئیسلامی لێیان وه‌ژوور که‌وتن، وه‌به‌ر ڕه‌گباری گولله‌یان دان و نه‌یانهێشت نه وه‌دیهاتنی خه‌ونی ئازادی و نه دیداری ئازیزانیان هه‌رگیز دووباره بێته‌وه. ئه‌وه‌ی دووباره‌یان کرده‌وه به‌ڵام مێژوو بوو. مێژووی غه‌در و جینایه‌تی دژمنانی گه‌لی ئێمه که بۆ زه‌ربه وه‌شاندن له بزوتنه‌وه‌ی هه‌قخوازانه‌ی ئه‌و گه‌له له هیچ شتێك شه‌رم ناکه‌ن. مێژووی ئینسانیه‌ت و شارستانه‌تیی رێبه‌رانمان که ئه‌م خیسڵه‌ته زۆر جار به قیمه‌تی گیانیان ته‌واو بووه. به‌مجۆره، ته‌نیا سێ ساڵ پاش شه‌هید بوونی دوکتور قاسملوو، جێنشینه لێهاتووهکهشیان له حیزبی دێموکڕات ستاند و برینێکیان له دڵی خه‌ڵکی کوردستان کرد که به ته‌عبیرێك قورستریش بوو.
ده‌مامکه‌کان به‌ڵام زۆر زوو لا دران. سه‌رباری هه‌موو ئه‌و فشار و شانتاژانهی کۆماری ئیسلامی ده‌یویست سیناریۆی بێده‌نگه‌کردن له تێرۆری دوکتور قاسملوو له ڤییهنیان پێ دووپات بکاته‌وه، له‌سایه‌ی لێبڕاوی و ئازایه‌تیی پۆلیس و قازییه‌کانی ئاڵمان به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و جینایه‌ته دادگایی کران و کۆماری ئیسلامی‌یش له به‌رزترین ئاستیدا وه‌ک بڕیارده‌ر و رێکخه‌ری ئه‌م پیلانه تێرۆریستییه به جیهان ناسێندرا. شتێک که نه‌ک هه‌ر بۆ کورد، به‌ڵكوو له سه‌رتاسه‌ری مێژووی قه‌زایی نێوده‌وڵه‌تیدا، بێوێنه بوو. که‌وابوو به‌ڵێ، “میکۆنۆس” هێمای هه‌قانیه‌تی خه‌باتی گه‌لی کورد له ئێران و ریسوایی کۆماری ئیسلامییه.
دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی له‌دوای شه‌هیدبوونی دوکتور قاسملوو له پانتایی گشتیی بزوتنه‌وه‌ی کورد و خه‌باتی ئازادیخوازیی ئێران‌دا دره‌وشایه‌وه و بێگومان شوێنه‌واری دوکتور قاسملوو زۆر به که‌سایه‌تی و بیروباوه‌ڕییه‌وه دیار بوو. به‌ڵام سه‌ربرده‌ی شه‌ڕه‌فکه‌ندی له‌گه‌ڵ حیزب و گه‌له‌که‌ی زۆر پێشتر ده‌ستی پێ کردبوو. محه‌ممه‌د سادق، ئه‌و منداڵه بێبه‌شه‌ی ته‌ره‌غه بوو که به‌هۆی ئه‌وه که له ده‌سپێکی ژیانه‌وه له نازی دایک و باوکیش بێبه‌ش ببوو، ئه‌رکی سه‌رپه‌رستی و پهروهردەکردنی که‌وتبووه سه‌ر شانی عه‌بدولڕه‌حمانی براگه‌وره‌ی واته هه‌ژاری موکریانی. ئه‌و تازه ده‌چووه قوتابخانه که کۆماری کوردستان له مه‌هاباد دامه‌زرا . سایه‌ی “هه‌ژار” و بیره‌وه‌ریی کۆمار نه‌ده‌کرا ئه‌و کوڕیژگه کورده بخاته سه‌ر رێچکه‌یه‌کی جیاواز له‌و رێچکه‌یه‌ی به‌سه‌ریدا رۆیشت و سه‌ری له‌سه‌ر دانا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ئه‌و له رشته‌یه‌کی غه‌یره سیاسی‌دا خوێندنی ئه‌کادیمیی ته‌واو کرد، به‌ڵام پاشخانی بنه‌ماڵه‌یی و شعووری سیاسی و نه‌ته‌وایه‌تیی وی بوونه هۆی ئه‌وه که له ده‌ورانی مامۆستایه‌تیدا رێژیمی شا زۆر جار ئه‌زیه‌ت و ئازاری بدا و له زێدی خۆی دووری بخاته‌وه. دواتر کاتێک بۆ خوێندنی دوکتورا چووه فه‌ڕانسه، له پاریس له‌گه‌ڵ دوکتور قاسملوو ئاشنا بوو، ئه‌و پیاوه‌ی ده‌هه و نیوێک دواتر گه‌وره‌ترین ئه‌مانه‌تی ژیانی که حیزبی دێموکڕات بوو به‌یه‌کجاری پێ سپارد. دیداری قاسملوو چاره‌نووسی شه‌ڕه‌فکه‌ندیی بۆ هه‌میشه دیاری کرد. هه‌تا شۆڕشی گه‌لانی ئێران دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی وه‌ك ئه‌ڵقه‌ی پێوه‌ندی حیزب و کورده‌کانی تاران و کۆڕ و کۆمهڵهكانی ئه‌وێ تێکۆشانی هه‌بوو. له‌دوای سه‌رکه‌وتنی ئینقلابیش، زۆر زوو وه‌ک یه‌كێک له عونسوره هه‌ره ئه‌ساسییه‌کانی ڕێبه‌رایه‌تیی حیزبی دێموکڕات دره‌خشا. کاتێكیش به‌رهه‌می شۆڕشی گه‌لانی ئێران له‌لایه‌ن ئاخونده‌کانه‌وه ڕفێندرا و کوردستان که‌وته‌وه به‌ر شاڵاوی کۆنه‌په‌رستی، دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی له‌جیاتی چنینه‌وه‌ی به‌رهه‌می خوێندنه ئه‌کادیمییه‌که‌ی که شیمیی ئانالیتیک بوو وه‌دوای ئانالیزی حاڵی میلله‌ته‌که‌ی که‌وت، و له‌بری گرتنه پێشی رێچكه‌ی ژیانێكی ئارام و ڕاحه‌ت، له‌گه‌ڵ دوکتور قاسملوو و باقیی تێکۆشه‌ر و پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکڕات ڕێگای پڕ مه‌ترسیی سه‌ربه‌رزی و خۆڕاگریی هه‌ڵبژارد و به ژیانی نێو خێوه‌ت و بن به‌ردی چیاکانی کوردستان ڕازی بوو، چونکه به قه‌ولی خۆی ژیان له ئه‌سیری و ژێرده‌ستیدا بێ قه‌در و قیمه‌ته و هه‌ڵمژینی هه‌وای پاک و بێگه‌ردی سه‌ربه‌رزی و ئازادی، خۆش و دڵڕفێن.
ڕۆڵه‌ی میلله‌تی خۆی، سادقی شه‌ڕه‌فکه‌ندی به ناسینێک که له پێوه‌ندییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای کورده‌واری و له ڕابردووی گه‌له‌که‌ی هه‌بوو، له هۆکاری سه‌ره‌کیی چه‌وسانه‌وه‌ی ئه‌و گه‌له تێگه‌یشتبوو و له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که خه‌بات و قوربانیدانی کورد پێشدا ده‌بێ بۆ رزگاریی نه‌ته‌وایه‌تی بێ. ئه‌و روانینێكی مێژوویی بۆ پرسی ڕه‌وای گه‌لی کورد هه‌بوو و ده‌یزانی دۆخی هه‌نووکه‌ی ئه‌و گه‌له به‌رهه‌م و درێژه‌ی مێژوویه‌کی سه‌دان ساڵه‌یه، مێژوویه‌ک که وه‌ک بۆخۆی ده‌یگوت که‌متر کورد بۆخۆی نووسیویه‌ته‌وه به‌ڵکوو نووسه‌رانی بێگانه یا ته‌نانه‌ت نووسه‌رانی سه‌ر به گه‌لی حاکم بۆیان نووسیوه‌ته‌وه. هه‌ربۆیه له ساڵه‌كانی پاش ئینقلاب‌دا و له سه‌رده‌مێكدا که فه‌زایه‌كی خه‌ستی ئیدئۆلۆژی زاڵ بوو، دوکتور سه‌عید له‌جیاتی خۆماندووکردن به‌و چه‌مک و بابه‌ته وارداتیهی مه‌علوم نه‌بوو چ چقڵێک له له‌شی میلله‌ته‌كه‌ی ده‌ردێنێ، خۆی به نووسینه‌وه‌ی مێژووی جووڵانه‌وه نهتهوایهتییهکانی کورد خه‌ریک کرد هه‌تا لاوانی کورد به رابردووی سیاسیی ئه‌و گه‌له ئاشنا و به پرسی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌ستیار بکا. له‌م کاره‌شیدا پشتی به مافی دیاریکردنی چاره‌نووس ده‌به‌ست و ده‌یگوت سروودی “ئه‌ی ره‌قیب” ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه که کورد شانازی به مێژووی خۆیه‌وه ده‌كا. هاوکات، له‌به‌ر ئه‌وه که دڵسۆزی گه‌له‌که‌ی و ئه‌هلی مێتۆدی عیلمی بوو، له هه‌ر شوێنێک پێویست با به چاوی ڕەخنهگرانهوه له‌و رابردووه‌ی ده‌ڕوانی و ئه‌و په‌یامه‌ی ده‌دا که پێویسته نه‌وه‌کانی ئاینده خۆ له دووباره‌کردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه و که‌مایه‌سییانه ببوێرن که به‌شێک له هۆکاری سه‌رنه‌که‌وتنی جوڵانه‌وه‌ی کورد پێک دێنن.
به ئه‌وله‌ویه‌ت دانانی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی به‌ڵام به‌و مانایه نه‌بوو که دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی له‌حاند پرسه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگا به‌تایبه‌تی پرسی چینایه‌تی بێتهفاوهت بێ. به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و باوه‌ڕێكی قووڵی به یه‌کسانیی نێوان مرۆڤه‌کان و ئیده‌ئاله‌کانی چه‌پ هه‌بوو. به‌ڵام هه‌روه‌ک دوکتور قاسملوو، دوکتور سه‌عیدیش پێی وا نه‌بوو که باوه‌ڕ به ئیده‌ئاله‌کانی چه‌پ ده‌بێ به مانای دۆگماتیزم و گوێ له مستیی ئه‌و جه‌مسه‌ره بێ که له دنیای ئه‌وده‌مدا سه‌رکردایه‌تیی بلۆکی سۆسیالیستیی ده‌کرد. کاتێكیش پێشبینیه‌که‌ی دوکتور قاسملوو سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی ئه‌و بلۆکه وه‌دی هات، شه‌ڕه‌فکه‌ندی له‌درێژه‌ی ئه‌و مێتۆده سه‌ربه‌خۆ و ڕهخنهگرانهیهدا که ساڵانێك بوو له حیزبی دێموکڕات‌دا نه‌هادینه کرابوو، خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێ و گونجاو له‌گه‌ڵ دۆخی تازه‌ی له‌و پێوه‌ندییه‌دا فۆرمووله کرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مه به مانای پاشه‌کشه له جه‌وهه‌ری پره‌نسیپه‌کان بێ، چونکه پێی وابوو که قه‌ت نابێ ره‌وایی و دروستیی ئیده‌ئاله‌کان بکه‌ینه قوربانیی کارکردی هه‌ڵه‌ی سیاسییه‌كان. هه‌ر شه‌هید بوونی دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی له په‌راوێزی کۆنگره‌ی ئه‌نترناسیۆنال سۆسیالیست‌دا نیشانه‌ی گرێدراویی چاره‌نووسی ئه‌م پیاوه نه‌ته‌وه دۆسته به ئامانجی یه‌كسانیی ئینسانهکانیشه.
نه‌مانی بلۆکی سۆسیالیستی هه‌روه‌ها به مانای گه‌یشتن یان گه‌یشتنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی دیکه له گه‌لانی جیهان به سه‌ربه‌خۆیی بوو که ئه‌مه‌ش دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندیی له‌سه‌ر باوه‌ڕی نه‌ته‌وایه‌تیی خۆی هه‌رچی سوورتر کرد. هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌دا و وه‌ک ده‌ره‌نجامێکی گۆڕانی هاوکێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و بارودۆخی سیاسیی ناوچه، پارچه‌یه‌كی کوردستان ڕزگار بوو: باشوور، ئه‌و پارچه‌یه‌ی ئاخرین ماڵ و مه‌ئوای ژیانی پێشمه‌رگانه‌ی دوکتور قاسملوو و دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی له‌سه‌ر چیا سنوورییه‌کانی هه‌ڵکه‌وتبوو. ترۆپکی ئه‌م پرۆسه‌ی ڕزگارییه که بریتی بوو له ئازادیی که‌رکووک نه‌ک هه‌ر یه‌کێک له خۆشترین ڕۆژه‌کانی ژیانی دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی بوو، به‌ڵكوو ئه‌ولاتر له ئیحساسات، ڕێبه‌ری شه‌هیدمان پێی وابوو ده‌سکه‌وته‌کانی کورد له باشووری کوردستان ده‌سکه‌وتی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشن و پێویسته حیزبی ئێمه خۆی له به‌رامبه‌ر پاراستن و فراوانکردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌دا به به‌رپرسیار و ئه‌رکدار بزانێ. هاوکات شه‌ره‌فکه‌ندی پێی وابوو ئه‌مه نابێ به مانای له‌بیرچوونه‌وه و لاوازبوونی کاری خه‌باتگێڕانه‌ی خۆمان وه‌ک بزوتنه‌وه‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵات بێ و ڕه‌عایه‌تی یه‌كێکیان (واته ده‌سکه‌وته‌کانی باشوور) نابێ به قیمه‌تی په‌کخستنی ئه‌وی تریان (واته خه‌بات له رۆژهه‌ڵات) ته‌واو بێ. پاش تێپه‌ڕینی یه‌ک چاره‌گه سه‌ده له ته‌مرینی ئه‌م باڵانسه دژواره؛ ئێستا که ته‌نیا چه‌ند ڕۆژی ماوه بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان (بڕیارێک که حیزبی ئێمه له رۆژی یه‌كه‌مه‌وه پشتیوانیی لێ کردووه)؛ ئێستا که ئێره [باشوور] لێبڕاوه به‌کرده‌وه بۆ دووره‌دیمه‌نێکی دیکه، بۆ ئاسۆیه‌کی زۆر به‌رزتر بڕوانێ به‌ڵام ئه‌وێش [ڕۆژهه‌ڵات] چاوی له هه‌ستانه‌وه و بووژانه‌وه‌یه، ئه‌م بۆچوونه‌ی دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی هێنده‌ی دیکه‌ش مانا په‌یدا ده‌کا.
دۆستان!
ده‌زانین که ئه‌م ڕۆژانه نه‌ته‌وه‌ی کورد به سات و وه‌ختێکی یه‌کجار گرینگ و هه‌ستیار له مێژووی خۆیدا تێده‌په‌ڕێ، به‌ڵام ئه‌م له‌حزه چاره‌نووسسازه‌ی ژیانی نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌قیقه‌ن کاتی بیرکردنه‌وه و تێفکرین له‌وه‌شه که چۆن ده‌توانین ئاجێندا و زه‌رووره‌ته به‌ڕواڵه‌ت ناته‌باکانی نێو بزوتنه‌وه‌ی کورد له پارچه جیاجیاکانی کوردستان (به‌تایبه‌تی له‌نێوان باشوور و ڕۆژهه‌ڵات) له یه‌ک کاتدا دابین بکه‌ین و پێکه‌وه‌یان ئاشت بکه‌ینه‌وه. ئه‌مه که ده‌ڵێین ته‌نیا له‌به‌ر عه‌داله‌تی وه‌ها تێفکرین و بیرکردنه‌وه‌یه‌ک نیه، به‌ڵکوو پێش هه‌موو شتێک له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که مه‌سڵحه‌تی درێژخایه‌نی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌و کاره‌دایه.
دیاریکردنی چاره‌نووسی کورد به‌ده‌ستی کورد و ته‌نیا کورد بۆخۆی له بیر و گوتاری دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی به‌تایبه‌ت له مانگ و ساڵه‌کانی کۆتایی ژیانیدا زۆر به‌رچاو بوو. دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی، به پشتبه‌ستن به ئه‌زموونێك که له نیوه‌ی یه‌که‌می هه‌شتاکانی زایینی‌دا بۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هێزه ئێرانییه‌کان وه‌ده‌ستی هێنابوو، پاش بوونیشی به سکرتێری حیزب و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ گوڕ و تین به‌خشین به هاوپێوه‌ندییه کوردستانییه‌کانی حیزب، قۆڵی له دیالۆگێکی به‌ربڵاو و سهریحتر له هه‌ر کات له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هه‌ڵماڵی و به‌داخه‌وه هه‌ر له په‌راوێزی ئه‌و دیالۆگهشدا شه‌هید بوو. ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که هاوکاری و هاوخه‌باتی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، له‌گه‌ڵ هه‌موو زهروورهتهكهی، ته‌نیا کاتێك بۆ ئێمه وه‌ك کورد له جێی خۆیدایه که ئه‌م هاوکاری و هاوخهباتییه بنه‌مایه‌کی ڕوون و پته‌وی له‌مه‌ڕ باوه‌ڕی به‌کرده‌وه‌ی هێزه سیاسیه‌کانی ئێران به مافه نهتهوایهتییهکانی کورد هه‌بێ. بۆ ئه‌وه‌ش پێویست بوو ئه‌م هێزانه هه‌م فره‌نه‌ته‌وه‌بوونی پێکهاته‌ی ئێران و هه‌م پێناسه‌یه‌ک له دێموکڕاسی قبووڵ بکه‌ن که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقعیه‌تی فره پێکهاته‌ی ئێران بێ. سه‌باره‌ت به‌م واقعیه‌ته، به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستییه که له ئێران‌دا هیچ گه‌لێک ناتوانێ ئیدیعای زۆرایه‌تی بوونێكی ڕوون و سه‌لمێنراو بکا، شه‌ره‌فکه‌ندی نه‌ک هه‌ر سه‌رسه‌ختانه دژی به‌کاربردنی ئه‌و چه‌مک و ده‌سته‌واژانه بوو که له وجوودی سیاسیی ئه‌و پێکهاتانه که‌م ده‌کاته‌وه، به‌ڵکوو چه‌مکی کهمایهتیشی بۆ کورد و گه‌لانی دیکه‌ی ئێران به نه‌گونجاو ده‌زانی. ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر پێناسه‌ی دێموکڕاسیش، شه‌ڕه‌فکه‌ندی ده‌یگوت نابێ ئێران و فه‌ڕانسه‌مان لێ تێک بچێ و ته‌نیا سیستمێکی دێموکڕاتیک ده‌توانێ به‌ڕاستی وه‌ڵامده‌ری پێویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێران بێ که فرهنهتهوایهتی به بنه‌مایه‌کی ڕوون و قایمی خۆی دابنێ. کاتێكیش له‌باره‌ی ویسته‌کانی کورد و پێداگریی ئه‌و گه‌له له‌سه‌ر مافه تایبه‌تییه‌کانی خۆی پرسیاری لێ ده‌کرا، د. سه‌عید هه‌موو جارێ به ئاماژه به مافی دیاریکردنی چاره‌نووس و بوونی پرسێكی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی له ڕیشه و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و شته که به مه‌سه‌له‌ی کوردستان ناسراوه، وڵامی ده‌دایه‌وه.
له‌وه‌ش گرینگتر، د. شه‌ڕه‌فکه‌ندی که له سه‌ره‌تاکانی ده‌ستبه‌کاربوونی وه‌ک ڕێبه‌ری حیزب باسی له پێویستیی رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ هێزه سه‌راسه‌رییه‌کان و به‌گشتی خه‌ڵکی ئێران له‌مه‌ڕ ستاتووسی کورد له‌و وڵاته‌دا ده‌کرد، له کۆتاییه‌کانی ژیانیدا به ڕوونی به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتبوو که بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌وه که کورد له ئێران‌دا چی ده‌وێ یا ته‌نانه‌ت ده‌یه‌وێ له ئێران‌دا بمێنێته‌وه یا نا، ئه‌وه هه‌موو خه‌ڵکی ئێران نیه که ده‌بێ بڕیار بدا، به‌ڵکوو ئه‌و پرسیاره ده‌بێ له خودی کورد و ته‌نیا له کورد بکرێ. ئه‌و پێی وابوو هیچ قه‌واره‌یه‌کی سیاسی له دنیادا ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دی نیه و ئه‌گه‌ر رۆژێک گه‌لێک نه‌یویست چیدیکه له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێکی مه‌وجووددا بژی، ئیدی ره‌وا نیه به زۆری له‌نێو ئه‌و چوارچێوه‌یه‌دا که بۆخۆی له تهرسیمیدا به‌شدار و رازی نه‌بووه، رابگیرێ. هه‌مووی ئه‌م قسانه دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی ده‌ڵێی بۆ ئه‌مڕۆی باشووری کوردستانی کردوون. سه‌باره‌ت به ڕۆژهه‌ڵات به‌ڵام، زۆر جێگای داخه که نزیک به سێ ده‌هه پاش شه‌هید بوونی ڕێبه‌رانی ئێمه (ئه‌و رێبه‌رانه‌ی که‌سایه‌تی و هێزه ئێرانییه‌کانیان ئیدیعا ده‌که‌ن ئه‌وانیش به ئۆلگووی خۆیانیان ده‌زانن)، له سه‌رده‌مێکدا که جیهان گۆڕاوه، تابووی مافی گه‌لان شکاوه، و به‌شێک له کورد خه‌ریکه به سه‌ربه‌خۆیی ده‌گا، ئه‌و هێز و لایه‌نه ئێرانییانه‌ی چاوه‌ڕوانیی هاوپه‌یمانییان له ئێمه هه‌یه، له له‌نده‌ن و فرانکفۆرت ڕا داوا له ئێمه ده‌که‌ن پێداگری له‌سه‌ر فیدرالیزم نه‌که‌ین و له گه‌ڵاڵه‌کردنی پره‌نسیپه هاوبه‌شه‌کان بۆ ئالتێرناتیوی سیاسی له ئێرانی ئاینده‌دا تایبه‌تمه‌ندیی خۆمان وه‌ک کورد وه‌لانێین و به مافی هاووڵاتی و “عدم تمرکز” بۆ هه‌مووان قه‌ناعه‌ت بکه‌ین! به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و زێهنیه‌ته نه‌گۆڕاو و ته‌نانه‌ت خراپتر بووه‌ی نێو ئێ‌لیتی سیاسیی ئێرانه که جێی خۆیه‌تی کوردی رۆژهه‌ڵات، به‌بێ ئه‌وه‌ی هاوپێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی خۆی پشتگوێ بخا، هه‌موو هێز و توانای له‌پێشدا بخاته سه‌ر خۆی و نێو ماڵی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ی رۆژ له سایه‌ی واقعێكی دیکەی مه‌یدانی و گۆڕانی باڵانسی هێز واریدی مه‌عامه‌له بێ، نه‌ك به هیوای پێشکه‌وتنی ئه‌قڵیه‌ت و قه‌ناعه‌تی غه‌یره کورده‌كان.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر خه‌بات به‌دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که سێ ساڵی سکرتێریی دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی وه‌ک کریس کۆچێرای تازه کۆچکردوو ده‌ڵێ ده‌ورانی خۆشكردنه‌وه‌ی بڵێسه‌ی خه‌باتی چه‌كداری بوو، به‌ڵام غه‌در له‌و شه‌هیده مه‌زنه ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر کارنامه‌ی خه‌باتگێڕی و ڕوانگه‌ی سیاسیی ئه‌و ڕێبه‌ره فرهچهشنبینه ته‌نیا له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه سه‌یر بکه‌ین. پێشدا سه‌باره‌ت به ئه‌زموونی تاڵی وتووێژ له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی، به هه‌موو ئه‌و تێبینی و ڕه‌خنانه‌وه که دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندیش له‌مه‌ڕ چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی به‌ناو وتووێژی ڤییه‌ن و ناڕاستگۆیی کۆماری ئیسلامی له‌و کاره‌دا قبووڵی بوو، به‌ڵام وه‌ک پره‌نسیپ ئه‌ویش پێی وابوو که ئاخری هه‌ر شه‌ڕێک سوڵحه، سوڵحیش ڕاست ئه‌وانه ده‌یکه‌ن که ده‌زانن شه‌ڕ چییه و باری قورسی به‌ڕێوه‌بردنی شه‌ڕیان له‌سه‌ر شانه. ئینجا، سه‌باره‌ت به شێوه‌کانی خه‌بات، دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی باوه‌ڕی به بردنه‌پێشی خه‌باتێكی هه‌مه‌لایه‌نه هه‌بوو، خه‌باتێك که له‌ودا هێزی هه‌ره سه‌ره‌کی خه‌ڵکه. به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ڕاستییه که کۆماری ئیسلامی ڕێگایه‌کی جگه له خه‌بات بۆ رووخاندنی ئه‌و رێژیمه نه‌هێشتبۆوه، شه‌ڕه‌فکه‌ندی ده‌یگوت راسته که خه‌باتی چه‌کداری ئه‌و شێوه‌یه له خه‌باته که ئێمه زیاتر تێیدا شاره‌زاین و ته‌نانه‌ت هۆویهتیشی به ئێمه به‌خشیوه، به‌ڵام ئامانجمان له‌و شێوه‌یه له خه‌بات نابێ ته‌نیا زه‌ربه‌وه‌شاندن له ڕێژیم بێ، به‌ڵکوو پێویسته پێش هه‌موو شتێك له فکری ئه‌وه‌دا بین که له ڕێگای خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌وه خه‌ڵک زیاتر بێنینه مه‌یدان و خه‌بات به جه‌ماوه‌ری بکه‌ین. پێشبینییه‌کی دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی که وه‌دی هات ئه‌وه بوو که ده‌یگوت ڕه‌نگه رۆژێك هه‌لومه‌رج بۆ درێژه‌دانی خه‌باتی چه‌کداری له‌بار نه‌بێ، هه‌ربۆیه له‌سه‌ر ئه‌وه پێیدا ده‌گرت که پێویسته حزووری ته‌شکیلاتیمان ئه‌وه‌نده ڕێكوپێک و به‌هێز بێ که له وه‌ها سیناریۆیه‌كدا خه‌باتی خه‌ڵك بۆشایی خه‌باتی چه‌کداری پڕ بکاته‌وه.
دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی به ئاماژه به‌وه که گرینگ‌ترین تایبه‌تمه‌ندیی جوڵانه‌وه‌ی ئێمه گشتی بوون و گه‌لی بوونیه‌تی و هێزی ئه‌سڵیی جوڵانه‌وه‌که خودی خه‌ڵکه، له زۆربه‌ی وتار و قسه‌کانیدا داوای له خه‌ڵک ده‌کرد که جوڵانه‌وه به هی خۆیان بزانن و پشتیوانی‌یان له جوڵانه‌وه به‌ربڵاوتر و عه‌مه‌لیتر بکه‌ن، ئه‌وه‌ش نه‌ک ته‌نیا به ناردنی کوڕ و کچه‌کانیان بۆ نێو ڕیزی پێشمه‌رگه یان به یارمه‌تیدانی خه‌باتی چه‌كداری، به‌ڵکوو هه‌روه‌ها له رێگای ئه‌وه که هه‌موو چین و توێژ و تاکه‌كانی نێو کۆمه‌ڵگا له به‌رامبه‌ر چاره‌نووسی گه‌لدا خۆیان به به‌رپرسیار بزانن و به یه‌کگرتن و خۆڕێکخستنی زیاتریان خه‌باتی به‌قه‌ولی دوکتور سه‌عید هه‌مه‌لایه‌نه (ئه‌و شته‌ی ئه‌وڕۆ ناومان ناوه خه‌باتی فره‌ڕه‌هه‌ند) به‌ڕێوه ببه‌ن. دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر له ساڵیادی شه‌هیدبوونی دوکتور قاسملوودا گوتمان، ئیجازه‌م بده‌ن دیسان لێره بیڵێینه‌وه: له سه‌رده‌مێكدا که به ناهه‌ق هێندێک مێتۆدی خه‌بات به موزاحیم یان به‌دیلی مێتۆدی دیکه‌ی خه‌بات داده‌نرێ؛ له سه‌رده‌مێکدا که به‌داخه‌وه کۆمه‌ڵگای سیاسیی رۆژهه‌ڵات گرفتاری جه‌مسه‌ربه‌ندی و دابه‌شبوونی زیانبه‌خشه، هه‌ڵوێسته و تێڕامان له ڕوانگه و باوه‌ڕی رێبه‌رانی شه‌هید ده‌بێ هانمان بدا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زووتر هۆکاره‌کانی نالێکیی نێو بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نیی کورد له ئێران که به‌شێکیان به‌ڕاستی ده‌سکرد و داتاشراون، بسڕینه‌وه.
هاوڕێیانی به‌ڕێز! دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی ئه‌گه‌ر له مێژووی بزوتنه‌وه‌ی کورددا وه‌ک سه‌ردارێکی مه‌زن ناو و جێگه‌ی هه‌یه، له‌باری که‌سایه‌تی و کارکردی حیزبیشه‌وه بۆ تێکۆشه‌رانی دێموکڕات سه‌رچاوه‌ی ئیلهام و سه‌رمه‌شقه. ئه‌وه که گوتراوه دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی جێگره‌وه‌یه‌کی لێوه‌شاوه بۆ رێبه‌رێکی لێوه‌شاوه بوو، ته‌نیا ستایش و ته‌عاروف نیه، به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌و خیلسهتانهیه که شه‌ڕه‌فکه‌ندی وه‌ک ئینسانێك و وه‌ک شۆڕشگێڕێك به‌ڕاستی هه‌یبوون و هاوڕێ و هاوکاره نزیکه‌کانی شایه‌تیی بۆ ده‌ده‌ن. له‌نێو ئه‌و خیسلهتانهدا بێگومان باوه‌ڕی قووڵ، قاتعیه‌ت، شوجاعه‌ت و به‌وره بوون له ڕۆژی ته‌نگانه‌دا زۆر به‌رجه‌سته بووه. به‌ڵام دوکتور سه‌عید خیسله‌تی به‌رزی دیکه‌شی زۆر هه‌بوون. ئه‌و جیا له‌وه که مرۆڤێکی هه‌تا بڵێی زیره‌ک و جیددی و مودیر و به‌به‌رنامه بووه و مۆرکی ئه‌و توانایانهشی له ئۆرگانیزم و تێکۆشانی حیزب دابوو، قابلیهتێكی سه‌یریشی بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رج و مهوقعیهتهکان هه‌بووه. خۆگونجاندن پێشدا له مۆدی ژیاندا، بۆ که‌سێک که ساڵانێک له خۆشترین پایته‌خته‌کان ژیابوو، که‌چی له‌پێناوی ڕزگاریی گه‌له‌که‌یدا حازر بوو به قه‌ناعه‌ته‌وه له خانووی قوڕ و چادری شڕ و له ناخۆشترین و مه‌ترسیدارترین هه‌لومه‌رجه‌کاندا بژی. خۆگونجاندن پاشان له چۆنیه‌تیی به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رک و بهرپرسایهتیدا که وای کردبوو که ئه‌و ڕۆژه‌ی دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی ئه‌مانه‌ته‌که‌ی دوکتور قاسملووی بۆ به‌جێ ما، له به‌ڕێوه‌به‌رێکی تا ڕاده‌یه‌ک دووره‌په‌رێز و مه‌حکه‌مه‌وه بوو به رێبه‌رێکی کراوه و ده‌م به پێکه‌نین. یه‌ک شت به‌ڵام له‌لای وی نه‌گۆڕ بوو، ئه‌ویش نه‌زم و ئوسوڵ و ئۆتۆریته، شتێك که له‌گه‌ڵ ڕووحی دێموکراتیک و خهڵکخۆشهویستیی حیزبه‌كه‌ی ناته‌با نه‌بوو. به‌هه‌رحاڵ له‌پشت ئه‌و سه‌رکرده به‌بڕشت و قایمه مرۆڤێکی مێهره‌بان و به‌ڕاستی ئینسان به‌دی ده‌کرا که ڕاوێژه نه‌رم و سهمیمییهکهی، هه‌ست ناسکی و شێعر دۆستییه‌که‌ی باشترین گه‌واهی ئه‌و مێهره‌بانییه و ئینسانیه‌ته بوو.
جیا له‌وه‌ش دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی سه‌ره‌ڕای فه‌زڵی هه‌موو ئه‌و توانا سیاسی و ته‌حلیلی و کارگێڕییانه‌ی له هه‌گبه‌یدا هه‌بوو، سه‌رکرده‌یه‌کی به‌زمانی خه‌ڵک دوێ و مته‌وازع بوو (ته‌وازوع ئه‌و شته‌ی که بزوتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵات ئه‌مڕۆ زۆری پێویسته). ئه‌م ڕۆژانه که به هاوکاریی کاک مه‌نسوری خوسره‌وی له ئه‌رشیڤی ڕادیۆی حیزب‌دا گوێم له قسه‌کانی ده‌گرته‌وه، سه‌رنجم دا که پاش بوونی به سکرتێری حیزب، چه‌نده مته‌وازعانه و سادقانه بۆی پرسیار بوو که داخوا لێوه‌شاوه‌یی و هێز و توانای دانیشتن له شوێنی پێشه‌وا قازی و دوکتور قاسملووی هه‌یه؟ له‌جیاتی وڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ش که وڵامه‌که‌ی بۆ تێکۆشه‌رانی دێموکڕات روون بوو، دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی ده‌یگوت ئه‌وه‌ی هێز و دڵگه‌رمیم پێ ده‌به‌خشێ یه‌کگرتوویی حیزب و هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی کردنی تێکۆشه‌رانی دێموکڕات و پشتیوانیی خه‌ڵکی کوردستانه. یه‌کێک له ده‌رسه‌کانی دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی بۆ ئێستا و ئایندهی حیزبی دێموکڕاتیش ڕاست ئه‌وه‌یه که وه‌ک بۆخۆی ده‌یگوت ڕێبه‌ریی حیزب ده‌بێ ته‌ئسیری موسبه‌ت له به‌ده‌نه‌ی حیزب و به‌ده‌نه‌ی حیزبیش ده‌بێ ته‌ئسیری موسبه‌ت له خه‌ڵکی کوردستان وه‌ربگرێ. ئه‌وه دینامیزمێکه که مه‌سئولیه‌ت و له‌خۆبوردوویی و ئیمان و ئازایه‌تیی هه‌موو لایه‌کی پێویست بوو. له‌خۆڕا نه‌بوو که دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی هه‌موو ده‌رسه‌کانی دوکتور قاسملووی له یه‌ك ده‌رسدا خولاسه کردبۆوه، ئه‌ویش ئه‌وه که ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان به خۆمان هه‌بێ و ئه‌گه‌ر پشتی یه‌کتر بگرین، ده‌رده‌که‌وێ چ هێزێکی له‌بڕان نه‌هاتوومان هه‌یه و ده‌بینین که کاری چه‌نده گه‌وره‌مان له‌ده‌ست دێ.
دوکتور سادق! دوکتوری سادق! ئه‌و رۆژه‌ی بوغزی له‌ده‌ستدانی برا گه‌وره‌که‌ت ڕۆژگاری سه‌ختی منداڵیتی له دڵدا زیندوو کردیه‌وه و گریای، که‌سایه‌تی و حاسڵی عومری مامۆستا هه‌ژارت له دوو وشه‌دا خولاسه کرده‌وه: حه‌سره‌ت؛ هیوا. به‌ڵام، حه‌سره‌ت و هیوا مه‌گه‌ر باشترین وشه بۆ وه‌سفکردنی دنیای پڕ له حه‌ز و خولیای تۆش نه‌بوو؟ ئه‌و ئێواره زستانییه ئه‌تۆ حه‌سره‌تت خوارد له‌وه که هه‌ژار پێش ئه‌وه‌ی “وه‌ک به‌هه‌شتێکی ببینێ خاکی” سه‌ری نایه‌وه. به‌ڵام هیواشت خواست_ته‌نانه‌ت پێت وا بوو_ ڕۆژێك دێ بۆخۆت ده‌چی هه‌ژاری هه‌ڵده‌ستێنی و “موژده‌ی سه‌ربه‌ستیی مهوتهنهکهی” پێ ده‌ده‌ی. هه‌یهات! ئه‌تۆش ڕۆژی ڕزگاریی گه‌له‌که‌ت نه‌دی. ئه‌تۆش وه‌ک دوکتور قاسملوو بسته خاکێک له‌سه‌ر نیشتمانه‌که‌ی خۆت نه‌بوو به ئارامی تێیدا بنووی. به‌ڵام دڵنیا به! دڵنیا به، به‌یانییه‌کی به‌هاری _له‌چه‌شنی به‌هاره‌که‌ی ئازادیی که‌رکووک_ زێدی تۆش ئازاد ده‌بێ. ئه‌وسا ئه‌و لاوانه‌ی هه‌ژار وه‌سیه‌تی بۆ کردوون _”خۆشی له خۆیان و سه‌رپاکیان”_ دێنه پێرلاشێز، له‌وێوه به‌ڵام بۆخۆت وه‌پێشیان ده‌که‌وی، به‌سه‌ر هه‌وره‌کانی غه‌ریبی و به‌نێو که‌ژ و کێوه‌کانی وڵات‌دا، به‌ره‌و … بوداغ سوڵتان! مادام تۆ نه‌مردووی و نامری، موژده‌ی سه‌ربه‌ستیی وه‌ته‌ن هه‌ر ده‌بێ بۆخۆت بیده‌ی به هه‌ژار!