لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا نزیک بە ١٩٠ کەس لە هاووڵاتییانی شاری کرماشان ، بە هۆی تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر لەو شارە گیانیان لە دست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ١٨٤ کەس لە تووشبووانی مادەی هۆشبەر لە شاری کرماشان بە هۆی بە کاربردنی ئە مادەیە، گیانیان لە دەست داوە.
هەواڵدەریی”ئیلنا”ی لە زمان پارێزگاری کرماشان بڵاویکردووەتەوە، بەپێی ئاماری پزیشکی قانوونیی ئێران، ئەو پارێزگایە لە دوو ساڵی ڕابردوودا، پلەی پێنجەمی لە بواری گیانی لە دەستدانی هاووڵاتییانی تووشبووی مادەی هۆشبەر هەبووە.
“ئەسەدووڵڵا ڕازانی”، لە کۆبوونەوەی شورای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مادەی هۆشبەر ڕایگەیاند: ساڵی ٩٤ لە ئاستی ئێراندا ٣٠٠٣ کەس بە هۆی مادەی هۆشبەر گیانیان لەدەست داوە کە لەو ڕێژەیە ، ١٣٢ کەسیان خەڵکی شاری کرماشان بوون.
بە قسەی پارێزگای کرماشان، لە ساڵی١٣٩٥، ژمارەی قوربانیانی تووشبوو بە مادەی هۆشبەر لەو شارە بۆ١٨٤ کەس بەرزبووەتەوە.
هەروەها ئەو بەرپرسە حکوومەتییە ڕایگەیاندووە، “ئەگەر ئەو ئامارانە بە نیسبەت حەشیمەتی پارێزگاوە هەڵسەنگێنن، بارودۆخەکە ناڵەبارتر بووە و تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە خراپترین پارێزگا لە ئاستی ئێران بیین.”
بەپێی ئامارە ڕەسمییەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، زیاتر لە یەک میلیۆن و ٤٠٠ هەزار تووشبوو لە ئێراندا بوونیان هەیە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئامارە ناڕەسمییەکان باس لە بوونی ٤ میلیۆن تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان لە ئێراندا دەکەن.
هەروەها بەپێی ئامارە ناڕەسمییەکان، نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس بە شێوەی کاتی و بۆ ڕابواردن مادەی هۆشبەر بەکاردێنن.