لە ڕۆژانی ٢٣و ٢٤ی خەمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٣و ١٤ی سپیتامبری ٢٠١٧ هەیئەتێکی کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستی هاوڕێ حەسەن قادرزادە ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدک سەردانی کادرو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان لە بنکەو بارەگاکانی سەرسنووری رۆژهەڵات، لە چیای هەڵگورد و ئەو دەڤەرە کرد.
لەو سەردانەدا لە چەند کۆبوونەوەو دیداری ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەرماندەران وکادرو پێشمەرگەکان لە پێوەندی لەگەڵ ئەرک و ڕاسپارە و بەرنامە و بڕیارەکانی حیزب و کۆمەڵێک پرسی دیکەی رۆژ لە ناوچەکەو رۆژهەڵاتی کوردستان تاوتوێکران و نەخشەڕێگای کارو تێکۆشانی حیزب و حزووری کادرو پێشمەرگەکان، لە نێوخاڵک و لەسەر سنوورەکان سەرەکییترین تەوەری باس و بابەتەکانی کۆبوونەوەکان بوون، کە لە لایەن تێكۆشەرانی دێموکراتەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
لە بەشێکی دیکە ئەو سەردانە هەیئەتی حیزب لە کۆبوونەوەی پێشمەرگەکان، لە ڕێوڕەسمێکی ئەمەگناسانەدا بە بۆنەی ٢٥مین ساڵی شەهیدبوونی دوکتورسادق شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی فەتاح عەبدولی وهومایوون ئەردەڵان و نووری دێهکوردی ، لە لایەن حەسەن قادرزادە ڕێز لە یاد و خزمەتەکان و نەخش ودەوری لە ڕێبەری کردنی حیزبی دێموکرات و روانگەی شەهید شەرەفکەندی گیرا و پەیمان و بەڵێن نوێ کرایەوە کە تا وەدیهاتنی ئامانج و ئاواتەکانی ، ڕێبواری دڵسۆز و وەفاداری رێبازەکەیان بن.