پارلمانی كوردستان لە كۆبوونەوەی نائاسایی خۆیدا، بڕیاری بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی پەسەند كرد.
لە كۆبوونەوەكەی ڕۆژی ڕابردووی پارلماندا، كە تێیدا فراکیسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو، سۆسیالیست، ئاراستەی سێیەم، شیوعی، بزووتنەوەی ئیسلامی و پێکهاتەکان بەشدار بوون، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان پەسەند كرا.
لە كۆبوونەوەیەی پارلماندا ٦٨ ئەندام بەشدار بوون و ٦٥ ئەندام دەنگیان بۆ بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دا کە ڕۆژی ٣ی جۆزەردان بەڕێوەدەچێ.
هەر لەو پێوەندییەدا مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتارێکیدا كە لە كۆبوونەوەیەكی گەورەی جەماوەریدا لە ئامێدی خەڵکی دڵنیا کردەوە کە ڕیفراندۆم لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێ و بەھیچ شێوەیەکیش دواناخرێ.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوە جەماوەرییەدا کە بۆ بانگەشەی ڕیفراندۆم لە ئامێدی ئەنجام درا، ڕایگەیاند بڕیاری پەرلەمانی عێراق، بۆ رەتکردنەوەی گشتپرسی “خۆ ماندووکردنە و بڕیارەکانتان ناگەنە کوردستان”.
هەر ڕۆژی ڕابردووش ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، کە ، لۆگۆی تایبەتی ھەڵمەتی بانگەشە بۆ ڕیفراندۆمیان پەسەند کردووە.