بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی و کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی نەخۆشخانە مێرمنداڵێکی تەمەن ٥ ساڵ گیانی لە دەستدا.
حەوتووی ڕابردوو، مێرمنداڵێکی تەمەن ٥ ساڵ بە ناوی “ئارتین مێهدی” خەڵکی گوندی پاڵنگان سەربە شاری کامیاران بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی گیانی لە دەست دا.
ڕۆژی ٢١ی خەرمانان ئارتین بەهۆی تووشی بوونی بە نەخۆشینی “شیگلوز” سکچوونی خوێنی، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە نەخۆشخانەی سینای شاری کامیاران دەخەوێندرێ و بەهۆی خراپ بوونی باری تەندروستی بۆ نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە دەگوازرێتەوە.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، پزیشکانی نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە بە هۆی نەبوونی کەرەستەی “دیالیز سقافی” لەو پارێزگایە دەستبەجێ ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری کرماشان دەکرێ و پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانەی کرماشان گیانی لە دەست دەدا.
سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی ئەو مێرمنداڵە کوردە دەڵێ، لە نەخۆشخانە لەگەڵ بێڕێزی و سووکایەتی یەکێک لە کادرە دەرمانییەکانی ئەو نەخۆشخانە بەرەوڕوو بوونەتەوە.
نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چاو پارێزگاکانی دیکەی ئێران بەرچاوتر و کێشەیەکی جیددیترە بۆ هاووڵاتییان و بەرپرسانی پێوەندیداری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەڵناهێننەوە.